سەردانی فەرمیی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا: تاوتوێکردنی پەیوەندییەکان و دۆخی ناوچەکە
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9/10/2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی بەرەو ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێکەوت.
لە ئەنقەرە، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە نێچیرڤان بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی، "لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، گفتوگۆمان لەبارەی هاوئاهەنگی بەردەوامی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا کرد."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لە گرنگیی هەوڵە هەرێمییە هاوئاهەنگەکان کردەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی بەرژەوەندی هاوبەش و برەودان بە سەقامگیری لە سەرانسەری ناوچەکەدا.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، "ههردوولا جهختيان له خواستى دوولايهنه بۆ برهودان به پهيوهندييهكانى توركيا لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستاندا كردهوه، ههروهها دهربارهى چۆنيهتيى فراوانكردنى بوارهكانى هاريكاريى هاوبهش، بيروڕايان گۆڕييهوه."
هەروەک لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی و هاکان فیدان باسیان له پرسى ئاو لهنێوان توركيا و عێراقدا كردووە و نێچیرڤان بارزانی "داكۆكیى له پێويستيى ههماههنگيى نێوان عێراق و توركيا كردهوه، به شێوهيهك، بهڕێوهبردنى ئاو ههموو پێداويستييهكانى ههردوولا دابين بكات."
بەگوێرەی بەرنامەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاژێر 04:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ لە کۆشکی کۆماریی تورکیا لە ئەنقەرە، لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە پێشوازیی لێ دەکرێت.
دوایین دیداری نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان رۆژی 11ـی نیسانی 2025 بوو لە کۆڕبەندی ئەنتاڵیا.
نێچیرڤان بارزانی لە ئۆکتۆبەری 2024ـیش سەردانی تورکیای کرد. لە سەردانەکەیدا بەگوێرەی سەرۆکایەتی کوردستان، تاوتوێی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرا.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا فرەڕەهەندن و لایەنی ئابووری، سیاسی و ئەمنی لەخۆدەگرن. تورکیا یەکێکە لە هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی وەکو هەناردەکردنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لە رێگەی خاکی ئەو وڵاتەوە، گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوانیانی زیاتر کردووە.
سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا لە کاتێکدایە کە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لەو وڵاتەدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و لە پەرلەمانیش کۆمیسیۆنێکی بۆ پێکهێنراوە، بەرپرسانی تورکیا و سیاسەتمەدارانی کورد لە باکووری کوردستان باسیان لە رۆڵی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەکەدا کردووە.
دوێنێ لە دیداری مێری، نێچیرڤان بارزانی لە بارەی پرۆسەکە گوتی: "دوای ئەوەی کە سەرۆکی تورکیام بینی، هەست دەکەم تورکیا زۆر جدییە لەسەر ئەم پرۆسەیە. پرۆسەکە ئەگەر خاویش بێت، ئەگەر لەسەرخۆش بێت، بەڵام بڕیارێکی جددی لە تورکیا هەیە کە ئەم پرۆسەیە بە ئەنجام بگات. بەڵام دەبێت پشووی ئێمەش ئەوەندە کورت نەبێت، هەندێک شت هەیە تەنانەت ئەگەر جێی مەترسیش بێت، پێویستە لایەنی بەرامبەر بیکات. ناکرێت کێشەیەک کە ئەوە چەندین ساڵە هەیە، بە شەو و رۆژێک کۆتایی پێبهێنیت."
سەبارەت بە رۆڵی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەکەدا، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "رۆڵی ئێمە یارمەتیدەرە، لە ئەنقەرە گوتوومانە و لەگەڵ ئەو جەماعەتەش قسەمان کردووە کە دەتوانین چ رۆڵێک ببینین. کە پرۆسەی چەکدانان دەستیپێکرد، داوایان لە ئێمە کرد یارمەتيی ئەو پرۆسەیە بدەین، ئەوەی پێویست بوو، جێبەجێمان کرد. وای دەبینم ئەم دەرفەتە مێژوویيیە و نابێت کورد لەدەستی بدات، نابێت بۆ هیچ شتێک لەدەستی بدات. پەیامەکانی سەرۆک ئۆجەلان زۆر زۆر روونن، قەندیلیش رێک دەزانێت دەبێت چی بکات، کە نایکات! ئەمە بێهیوایی دروست دەکات، تەنانەت بۆ سەرۆک ئۆجەلانیش، کە دروست نییە. بە رواڵەت و بە قسە دەڵێن، ئێمە بە قسەی سەرۆک ئۆجەلان دەکەین، بەڵام کە دێتەسەر جێبەجێکردن و پراکتیزەکردنی شت، رێک پێچەوانەکەی دەکەن! ئەمە زیانێکی گەورە بە کورد و بە پرۆسەکەش دەگەیهنێت".