لە یەکەم هەفتەی بانگەشە 21 سەرپێچیی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون
رووداو دیجیتاڵ
لەماوەی 7 رۆژدا لە هەرێمی کوردستان 21 سەرپێچی تۆمارکراون، زۆرترینیان لە هەولێر بووە و لە دهۆکیش هیچ سەرپێچییەک نەکراوە، "بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو سەرپێچییەکانیان کەمترن."
هەینی رابردوو، 3-10-2025 بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد، لیست و هاوپەیمانی و بەربژێرە سەربەخۆکان دەستیان بە بانگەشە کرد و هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگ دەدەن بۆ ئەو هەڵبژاردنەی بڕیارە 11-11-2025 بەڕێوەدەچێ .
لە هەولێر 20 سەرپێچی تۆمارکراون و پێنجیان نێردراون بۆ بەغدا
مەروان محەممەد، بەڕێوەبەری لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی پێنجشەممە، 09ـی تشرینی یەکەمی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەماوەی نزیکەی هەفتەیەکی بانگەشەدا 20 سەرپێچی لە هەولێر تۆمارکراون،15 لەوانە دوای ئاگادارکردنەوە سەرپێچییەکانیان نەهێشتووە و فلێکسەکانیان لابردووە، پێنجیان ماونەتەوە و وەکو سەرپێچی تۆمارکراون.''
لەبارەی جۆری سەرپێچییەکان مەروان محەممەد دەڵێت: "فلێکس لە شوێنی قەدەخەکراو دانراوە، ئاگادارمان کردنەوە لە ماوەی 24 کاژێر لایببەن، پێنج لەوانە دوای ئاگادارکردنەوە پابەند نەبوون، ناویان بۆ بەغدا نێردراوە بەپێی جۆری سەرپێچییەکە سزاکەیان دیاری دەکرێت."
سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆن دەڵێ: "جارێ هەندێک بەربژێر دەستیان بە بانگەشە نەکردووە، بانگەشەکە زۆر گەرم نییە، رەنگە لە دوای 15ـی ئەم مانگەوە بانگەشەی هەڵبژاردن،گەرموگوڕتر بێت".
لە هەولێر، ملیۆنێک و 410 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە و 108 بەربژێر رکابەری لەسەر 16 کورسی پەرلەمانی عێراق دەکەن .
هیچ سەرپێچییەکی هەڵبژاردن تۆمارنەکراوە
پێچەوانەی هەولێر لە دهۆک هیچ سەرپێچییەکی بانگەشە تۆمارنەکراوە، کۆمیسیۆن دەڵێ لایەنەکان پابەندن بە رێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن.
خالید عەباس، بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "59 بەربژێر لە پارێزگاکە رکابەری لەسەر 12 کورسی دەکەن، بانگەشە زۆر ئارام و هێمنە، بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی رابردوو سەرپێچی زۆر کەمترە، رەنگە بەهۆی ئەوە بێت ژمارەی بەربژێرەکان کەمن، بەڵام بە گشتیی هەموویان پابەندن و هیچ سەرپێچییەک تۆمار نەکراوە".
لە پارێزگای دهۆک، 945 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
لە سلێمانی تەنیا یەک سەرپێچی تۆمارکراوە
بەپێی زانیاری کۆمیسیۆن لە سلێمانی تەنیا یەک سەرپێچی جووڵانەوەی نەوەی نوێ تۆمارکراوە و نێردراوە بۆ بەغدا.
ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆن لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: " تاوەکو ئێستا یەک سەرپێچی تۆمارکراو و نێردراوە بۆ بەغدا ،جووڵانەوەی نەوەی نوێ بووە، بە دوو ملیۆن دینار سزادرا، بەهۆی شێوازی بانگەشەکەیان کە لە دەرەوەی رێنماییەکان بووە و شوێنی فلێکسەکانیان هەڵە بوون".
لە سنووری سلێمانی 136 بەربژێر رکابەری دەکەن بۆ بردنەوەی 18 کورسی پارێزگاکە ،9 پارتی سیاسی و چوار بەربژێری سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردنەکە دەکەن، زیاتر ملیۆنێک و 535 هەزار دەنگدەر لە پارێزگاکە هەن.
هەولێر: 15 کورسیی گشتی + 1 کورسیی کۆتا
سلێمانی: 18 کورسیی
دهۆک: 11 کورسیی گشتی + 1 کورسیی کۆتا
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتی و 9ـی دیکەیان کۆتان.
لە عێراق نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە؛ زیاتر لە 21 ملیۆن کەسیش کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان وەرگرتووە و دەتوانن دەنگ بدەن.