سیهاد بارزانی: داواکارم هەموو پێشمەرگەکان دەنگ بدەن
رووداو دیجیتاڵ
دوای دەنگدانی لە بنکەیەکی شەقڵاوە، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی یەکی پێشمەرگە داوای لە پێشمەرگە کرد بەشداری لە دەنگدان بکەن.
سیهاد بارزانی، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی یەکی پێشمەرگە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "داواکارم هەموو پێشمەرگەکان بچنە دەنگدان، بۆئەوەی نوێنەرانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق زیاد ببن، تاوەکو داکۆکی لە مافەکانی هەرێمی کوردستان بکەن لە دەنگدان."
فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی یەکی پێشمەرگە دەڵێت، "داوا لە هەموو میلـلەتی کورد دەکەم لە رۆژی دەنگدانی گشتیدا بچنە سەر سندووقی دەنگدان، بۆئەوەی بیسەلمێنین بۆ هەموو جیهان کە کورد میلـلەتێکی زیندووە و، دەتوانێت خۆی رابگرێت بەرامبەر هەر ئاڵنگارییەک کە دێتەپێش."
سیهاد بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، "دەنگدانی تایبەت ئەمجارە بە رێکوپێکی بەڕێوەدەچێت، جاری پێشوو هەندێک کێشە هەبوون، بەڵام ئەمجارە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت."
ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت و زیاتر لە 7,000 بەربژێر رکابەری لەسەر کورسییەکانی پەرلەمان دەکەن.