پارێزگاری هەولێر: دەنگدانی تایبەت بەبێ کێشە بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، دەنگدانی تایبەت بە شێوەیەکی ئاسایی و بەبێ هیچ کێشەیەکی ئەوتۆ بەڕێوەدەچێت. هیواشی خواست دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێ، مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەولێر گۆڕانکاریی ئەرێنی بەخۆیەوە ببینێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، ئومێد خۆشناو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەولێر بەباشی بەڕێوەدەچێت و تاوەکو ئێستا هیچ گرفتێکی ئەوتۆ نەهاتووەتەپێش."
پارێزگاری هەولێر گوتی: "هێزە ئەمنییەکان بە رێکوپێکی ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن و بە لێهاتووییەوە کار بۆ پاراستنی بنکەکانی دەنگدان دەکەن."
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد: "لیژنەی ئەمنی لە هەولێر جەختی لەسەر پێویستیی قەدەخەکردنی بردنی مۆبایل بۆ ناو بنکە و وێستگەکانی دەنگدان لەلایەن دەنگدەرانەوە کردووەتەوە،"، داواشی کرد "سەرجەم دەنگدەران پابەندی ئەم رێنماییانە بن بۆ دڵنیابوون."
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، "هیوادارین دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێ، مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێم گۆڕانکارییەکی ئەرێنی بەخۆیەوە ببینێت، کە لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی دەستوور بێت. ئەم هەڵبژاردنە بۆ داهاتووی کوردستان گرنگە و پێویستە هاووڵاتییانی هەرێم بە فراوانی بەشداری تێدا بکەن."
هەر لە کۆنفرانسەکەدا، مەروان محەممەد، بەڕێوەبەری لقی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە هەولێر رایگەیاند: "وێستگەکان کاژێر 7:00ی بەیانی بەبێ هیچ کێشەیەک کرانەوە."
مەروان محەممەد روونیشی کردەوە، "پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەولێر بەبێ هیچ ئاستەنگێک بەڕێوەدەچێت، هەر پێشێلکارییەکیش بکرێت، رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر."
ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت و زیاتر لە 7,000 بەربژێر رکابەری لەسەر کورسییەکانی پەرلەمان دەکەن.
دەنگدانی تایبەت تاوەکو کاژێر 18:00 بەردەوام دەبێت. 809 بنکە بۆ دەنگدەرانی هێزە ئەمنییەکان و 27 بنکەی دیکە بۆ دەنگدانی ئاوارەکان تەرخان کراوە کە لەگەڵ دەنگدانی هێزە ئەمنییەکان دەنگ دەدەن.