سیروان بارزانی: چاومان لەوەیە کورد بە هێزەوە بگەڕێتەوە بەغدا


رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی میحوەری 6ـی پێشمەرگە دوای ئەوەی دەنگی دا رایگەیاند: ''چاومان لەوەیە کورد بە هێزەوە بگەڕێتەوە بۆ بەغدا و دەستوور جێبەجێ بکرێت، دەنگدانیش گرنگترین پرۆسەیە کە خەڵکی کوردستان تێیدا بەشدار بن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خۆیان."
 
سیروان بارزانی بە رووداوی راگەیاند: ''ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرێت، کێشەکانی کوردستان بە گشتی و کێشەکانی پێشمەرگەش چارەسەر دەکرێن، چونکە بەگوێرەی دەستوور پێشمەرگە لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراقە و دەبێت لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بودجە و مووچە و راهێنان و چەکی بۆ دابین بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ یەکێک لەو هەنگاوانە جێبەجێ نەکراون.''
 
لەبارەی پەیوەندیی پێشمەرگە و سوپای عێراق، سیروان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد: ''لەگەڵ سوپای عێراق هاوئاهەنگیمان هەیە و پێکەوە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدەین، بە هاوبەشی لەگەڵ لیوا هاوبەشەکانیش بۆشاییە ئەمنییەکان پڕکراونەتەوە''.
 
سەبارەت بە بەردەوامیی جموجۆڵەکانی داعش، فەرماندەی میحوەری 6ـی هێزی پێشمەرگە باسی لەوەکرد: ''پێنج شەو لەمەوبەر لە دەشتی قەراج جموجۆڵی داعشمان بەدیکردووە و هێشتا داعش هەڕەشەیە و بۆ دەرفەتێک دەگەڕێن خۆیان رێکبخەنەوە، بۆ بەرەنگاربوونەوەشیان گۆڕینەوەی زانیاریی هەواڵگری لە نێوان پێشمەرگە و هاوپەیمانان بەردەوامە.''