سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران: هەر کێشەیەکی کتوپڕ رووبدا دەستوەردان دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، تیمەکانی کۆمیسیۆن ئامادەن بۆ دەستوەردان لە هەر وەستان، کێشە یان سستییەک لە پرۆسەی دەنگداندا و دەستبەجێ چارەسەری دەکەن.
بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت، عومەر ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەردانی یەکێک لە بنکەکانی دەنگدانی لە بەغدا کرد؛ بە کەناڵە عێراقییەکان و ژمارەیەک دەزگای راگەیاندنی گوت، "زیاتر لە 4500 وێستگەی هەڵبژاردنمان بۆ دەنگدانی تایبەت ئامادە کردووە لەڕووی ئامێر و ئامادەکاریی لۆجستی و تیمی کۆمیسیۆنەوە."
سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، جەختی لە "ئامادەیی تیمەکانی کۆمیسیۆن کردەوە بۆ هەر کێشەیەکی کتوپڕ کە لەوانەیە لە هەر بنکە یان وێستگەیەکی هەڵبژاردندا رووبدات."
ئاماژەی بەوەش کرد، "تیمەکانی کۆمیسیۆن بەسەر سەرجەم وێستگەکاندا لە سەرتاسەری عێراق دابەشکراون بۆ دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ هەر کێشەیەکی کتوپڕ، بەڵام پێموانییە هیچ کێشەیەک رووبدات."
سەبارەت بە بەکارنەهێنانی مرەکەب، عومەر ئەحمەد گوتی، "پێویست بە بەکارهێنانی مرەکەب ناکات، دوای نوێکردنەوەی ئامێرەکان بەشێوەیەک کە دووبارە دەنگدانەوە بۆ یەک دەنگدەر مەحاڵ دەکات."
کاژێر 07:00ی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی تشرینی دووەمی 2025، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە چوارچێوەی شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێکرد. نزیکەی ملیۆنێک و 300 هەزار دەنگدەر لە هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان مافی دەنگدانیان لەم پرۆسەیەدا هەیە، کە بەسەر 800 بنکەی دەنگداندا دابەشکراون و 4500 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرن.