پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە و پێشبینی دەکرێت نێوەڕاستی ئەم مانگە یەکەم باران ببارێت
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ و سبەی بەراورد بە دوێنی پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە. کەشناسێکیش پێشبینی دەکات نێوەڕاستی ئەم مانگە بەدواوە لە هەرێمی کوردستان باران ببارێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، "ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت. پلەی گەرما بەراورد بە دوێنی بەرز دەبێتەوە."
لەبارەی کەشوهەوای سبەینێوە، کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، پلەی گەرما "نزیک" دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
تاوەکو ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان باران نەباریوە. شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشبینی دەکەین لە نێوەڕاستی ئەم مانگەدا باران لە هەرێمی کوردستان ببارێت، بەڵام تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بڕی بارانەکە و بەهێزیی شەپۆلەکە روون نابێت."
بە گوێرەی پێشبینیی ئەو کەشناسە، یەکەم بارانی ئەم ساڵ لە 15 بۆ 18ی ئەم مانگە دەبێت. گوتیشی، "هەر لەم مانگەدا شەپۆلێكی دیکەی باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بەگشتیی پێشبینییەکان بەجۆرێکن، لە کۆتایی پاییزدا لە هەرێمی کوردستان پەڵە دەدات."
هەر ئەمڕۆ عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "پێشبینی دەکرێ لە نێوەڕاستی ئەم مانگەدا لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بارانێکی کەم ببارێت."
جابری ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاژێرەکانی داهاتوودا زانیاری زیاتر لە بارەی بارانەکە دەخەڕوو.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان پلەی گەرمای سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر؛ 30 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 29 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 29 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 32 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 28 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 27 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 21 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 33 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 30 پلەی سیلیزی