لەپێناو گەڕانەوەیانە بۆ دەنگدان؛ حکومەت دوو رۆژ پشوو دەداتە دەنگدەرانی ناوچە کێشەلەسەرەکان

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانی دووشەممە و سێشەممە 10 و 11ی ئەم مانگەی بۆ فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردە پشوو، وەکو "ئاسانکارییەک" بۆ بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن و دەنگدانیان لە رۆژی سێشەممە 11-11-2025 بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق.
 
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەپێی بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی رەخساندنی ئاسانکاریی بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن، بۆ فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم[ی کوردستان] کە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەنگ دەدەن، رۆژی دووشەممە و سێشەممە 10 و 11ی تشرینی دووەمی 2025 پشوو دەبێت."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەنیا رۆژی سێشەممە 11-11-2025، واتە رۆژی دەنگدان، پشوویان دەدرێتێ.
 
بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەشێکی زۆری دەنگدەرانی ناوچە کێشەلەسەرەکان، کە کارتی بایۆمەترییان هەیە، دەبێت بگەڕێنەوە بازنەکانی خۆیان بۆئەوەی دەنگ بدەن. وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان "هاوئاهەنگیی تەواو"ی لەگەڵ بەغدا کردووە بۆ ئاسانکاریی هاتووچۆیان لە بازگەکان.
 
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی کەرکووک، نزیکەی 100 هەزار دەنگدەری کوردی کەرکووک لە هەرێمی کوردستان هەن، هەروەها لە نەینەواش 40 هەزار کوردی سنووری نەینەوا لە دەرەوەی کەمپەکانی نێو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
 
دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، بە هەزاران کەس لە کەرکووک، خورماتوو و ناوچەی دیکە،روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، لە هەڵبژاردندا هەر پارێزگایەک، بازنەیەکە و دەنگدەر دەبێت بگەڕێتەوە پارێزگاکەی خۆی بۆ دەنگدان.
 
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رۆژی 28-10-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەسەر پرسی دەنگدەرانی پارێزگاکانی دیکە، بەتایبەت کەرکووک، سەڵاحەدین، نەینەوا ئەوەی پەیوەندی بە وەزارەتی ناوخۆوە هەیە، ئامادەکاریی زۆر باشمان کردووە و هەموو ئاسانکارییەکیان لە رووی هاتووچۆ و ئەمنییەوە بۆ دەنگدەران دەکرێت."
 
لایەنە کوردستانییەکان دەیانەوێ لە هەڵبژاردنی داهاتوودا خەڵک بەشدارییەکی کارا لە هەڵبژاردن بکەن.
 
بڕیارە رۆژی یەکشەممە 09-11-2025 دەنگدانی تایبەت و رۆژی سێشەممە 11-11-2025 دەنگدانی گشتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەبچێت.