هاوسەرۆکی مەسەدە بۆ رووداو: ناناوەندییەکی دیموکراسی و بەرفراوانمان دەوێت
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی مەسەدە رایگەیاند، "ئێمە ناناوەندییەکی دیموکراسی و بەرفراوانمان دەوێ کە دۆخی کۆمەڵگەی سووریا لەبەرچاو بگرێت." هەروەها پشتیوانیی خۆی بۆ "بەڵگەنامەی یەکڕیزیی کوردی" دەربڕی و گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی سووریا بە تاکە رێگەچارە دەزانێ.
ناناوەندییەکی بەرفراوان و دیموکراسی
حەسەن محەممەد عەلی، هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی مەسەدە، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو تیشکی خستە سەر داواکارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ سیستمی داهاتووی بەڕێوەبردنی سووریا و گوتی، "بە بڕوای ئێمە وەک ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە)، ئەو ناناوەندییەی پێویستمانە، ناناوەندییەکی دیموکراسییانەیە کە لەگەڵ تایبەتمەندیی کۆمەڵگەی سووریادا بگونجێت و سوود لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی جیهان وەربگرێت."
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، "پێویستە ئەو ناناوەندییە بەرفراوان و یەکگرتوو بێت، لە رووی کارگێڕی، سیاسی و داراییەوە، چونکە جێبەجێکردنی یەک لایەنی ناناوەندی بەبێ ئەوانی دیکە، دەبێتە هۆی کەموکوڕی کە رێگر دەبێت لە گەیشتن بەو ئەنجامانەی سووریاییەکان دەیانەوێ."
میکانیزمی گەیشتن بە رێککەوتن
بەرپرسەکەی مەسەدە لەبارەی چۆنیەتیی گەیشتن بە رێککەوتن بە رووداوی گوت، شێوازی ناناوەندیی گونجاو بۆ سووریاییەکان پێویستی بە پرۆسەی رێککەوتنی پیشەییە کە ئەم خاڵانە لەخۆبگرێ:
پێکهێنانی لیژنەیەکی پسپۆڕ لە شارەزا و کەسایەتیی سەربەخۆ لە بوارەکانی دەستووری، کارگێڕی و دارایی.
نوێنەرایەتیی هەموو ناوچەکان: لیژنەکە نوێنەرایەتیی هەموو ناوچەکان و پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا بکات.
کارکردن بە میکانیزمی بەشداریکردن: ئامانجی گەیشتن بێت بە رێککەوتنێکی بەرفراوان کە لایەنە جیاجیاکان پێی رازی بن.
هەڵوێستی مەسەدە لەبارەی دانوستاندنەکان
حەسەن محەممەد عەلی گوتی، "ئێمە وەک مەسەدە بەشێک نین لە شاندی دانوستاندنکار، بەڵام چاودێریی ئەنجامەکان دەکەین و گفتوگۆیان لەسەر دەکەین." بە گوتەی ئەو بەرپرسە، هەر رێککەوتنێک لەم دانوستاندنانەدا کاریگەری لەسەر سەرتاسەری سووریا دەبێت.
بەرپرسەکەی مەسەدە گوتی، "ئەوەی تا ئێستا لەلایەن شاندی دانوستاندنکارەوە بە شێوەیەکی سەرەکی خراوەتەڕوو، بیرۆکەی ناناوەندییە و لەسەر ئەم بنەمایە رێککەوتنێکی سەرەتایی کراوە، بەڵام وردەکارییەکان دواتر لەلایەن لیژنە پسپۆڕەکانی هەردوولاوە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت."
رێککەوتنی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع
حەسەن محەممەد عەلی پێیوایە، ئەو رێککەوتنەی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا لە ئاداری ئەم ساڵ لە دیمەشق واژۆیان کرد، "لەسەر ئاستی خۆجێیی، نیشتمانی، هەرێمی و نێودەوڵەتی پێشوازییەکی بەرفراوانی لێکرا و وەک چوارچێوەیەکی کرداری سەیر دەکرێ کە دەتوانێت شەمەندەفەری سووریا بگەڕێنێتەوە سەر رێڕەوە راستەکەی خۆی."
ئامانج لە رێککەوتنەکە تێکەڵکردنی هێز و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بوو بە ئەوانی حکومەتی دیمەشق.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای بەربەست و ئاڵۆزیی پرسەکان، جگە لە گفتوگۆ و چارەسەریی سیاسی، هیچ جێگرەوەیەکی دیکەیان نییە.
پرسی چەک و رێکخراوە چەکدارەکان (پێشمەرگەی رۆژ)
حەسەن محەممەد عەلی لەبارەی پێشمەرگەی رۆژەوە کە ئێستا لە هەرێمی کوردستانن، گوتی، "بابەتەکانی پەیوەست بە 'پێشمەرگەی رۆژ' بابەتی سەربازین و ناکەونە ژێر بواری راستەوخۆی ئێمەوە، ئەم بابەتانە بەرپرسیارێتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و لایەنە ئەمنییە پسپۆڕەکانن."
بەرپرسەکە گوتیشی، "بە بڕوای ئێمە، باشترە پێکهاتەی لەو شێوەیە بچنە نێو دامەزراوە فەرمییەکانی ئەمنی و بەرگریی هەسەدەوە (لە چوارچێوە یاسایی و دامەزراوەییەکانی خۆیان)، چونکە هەبوونی هێزێکی یەکگرتوو پێویستییەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆری وەک داعش، هەروەها بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و پاراستنی دەستکەوتەکان."
یەکڕیزی و هاوکاریی کوردی
هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی مەسەدە ئاماژەی بەوە کرد کە کورد بە "قۆناجێکی چارەنووسسازدا" تێدەپەڕێ و پێویستە هێزە کوردی و دیموکراسییەکان هاوکاری و پشتیوانیی یەکدی بکەن، چونکە پشتیوانیکردن "ئەرکێکی نیشتمانییە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان."