لە شەقڵاوە خوشک و برایەک لە مەلەوانگەیەکدا خنکان


رووداو دیجیتاڵ 

لە یەکێک لە مەلەوانگەکانی قەزای شەقڵاوە لە پارێزگای هەولێر، خوشک برایەک خنکان کە هەردووکیان منداڵن.
 
عەقید عەبدولقادر دڵشاد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی شەقڵاوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رووداوەکە لەنێو مەلەوانگەیەکی خانووە گەشتیارییەکاندا بووە و بەهۆیەوە دوو منداڵ خنکاون".
 
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی شەقڵاوە گوتی: "بەگوێرەی ئەوەی رووداوەکە لەنێو ماڵاندا بووە، ئێمەیان لێ ئاگادار نەکردووەتەوە و تەرمەکانیان رەوانەی نەخۆشخانە کردووە".
 
سەرچاوەیەک لە تەندروستی شەقڵاوە بە رووداوی گوت: "تەرمەکان هێندرانە نەخۆشخانە کە دوو منداڵ بوون و بە بنەچە عەرەبن؛ دوای رێکارەکان رەوانەی دادپزیشکی کراون".
 
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی شەقڵاوە ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لەم رووداوەی ئەمڕۆ، ئەم ساڵ لە سنوورەکەیان دوو کەسی دیکە خنکاون.
 
07ـی ئەم مانگە لە رووداوێکی هاوشێوەدا دوو منداڵ کە برابوون لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان گیانیان لەدەستدا.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەم ساڵ زیاتر لە 55 کەس لە چەم و رووبارەکانی هەرێمی کوردستاندا خنکاون.