فریاکەوتنی ئیلام: لە 7 مانگدا 26 کەس بە گاز ژەهراوی بوون
رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا، 26 کەس لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی گازی ماڵانەوە ژەهراوی بوون و دوای گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە و وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی، رەوانەی ماڵەوە کراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ی تشرینی دووەمی 2025، حەمید سەفەرپوور، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵی کۆچییەوە تاوەکو ئێستا، واتە لە 21-03-2025ـەوە تاوەکو 21-10-2025، لە تەواوی پارێزگاکەوە 26 کەس بەهۆی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە ژەهراوی بوون، بەڵام ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا هیچ گیانلەدەستدانێک تۆمار نەکراوە.
حەمید سەفەرپوور دەڵێت، لەو کەسانەی لەو ماوەیەدا بەهۆی گازەوە ژەهراوی بوون، 11 کەسیان لە شاری ئیلام، 7 کەس لە مێهران، 2 کەس لە چەرداوەڵ، 2 کەس لە ئەیوان، 2 کەس لە سیروان، 1 کەس لە دیلوڕان و 1 کەس لە دەرەشار بوون.
بە گوتەی سەفەرپوور، لەو کەسانە 22 کەس بۆ نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان گوێزراونەوە و 4 کەسی دیکەش لە شوێنی رووداوەکان لە لایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.
بە پێی ئامارە فەرمییەکانی دادپزیشکیی ئێران، لە مانگی یەکەمی پاییزی ئەم ساڵدا 221 کەس لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە ژەهراوی بوون، لەو ژمارەیە 11 کەسیان گیانیان لەدەستداوە، 169 کەسیان لە نەخۆشخانەکان دەرمان کراون و 41 کەسی دیکەش لە شوێنی رووداوەکان چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە.
بە گوێرەی ئامارەکانی دادپزیشکیی ئێران، پارێزگای ورمێ بە 39 کەس، سنە بە 25 کەس و ئازەربایجانی رۆژهەڵاتی بە 18 کەس، سێ پارێزگای سەرەکین کە زیاترین ژەهراویبوون بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن تێیاندا تۆمار کراون.
هەروەها لە پارێزگای فارس 4 لەس بەهۆی ژەهراویبوون بە گازەوە گیانیان لەدەستداوە، لە قەزوین 2 کەس و لە ئیسفەهانیش 2 کەس.
ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، دەیان کەس بەهۆی بڵاوبوونەوەی گاز و ژەهراویبوون بە گاز، گیان لەدەستدەدەن یان ژەهراوی دەبن.