مەنسور بارزانی بۆ رووداو: 11-11 هەمووان وەکو پێشمەرگە دەنگ بدەن بۆ بەهێزیی کوردستان


رووداو دیجیتاڵ

مەنسور بارزانی، فەرماندەی لەشکری تایبەتی یەک و گوڵان لە بنکەیەکی دهۆک دەنگی دا و رایگەیاند، "داوا دەکەم رۆژی 11ی 11ش خەڵک بچنە سەر سندووقەکان و دەنگ بدەن".
 
فەرماندەی لەشکری تایبەتی یەک و لەشکری گوڵان گوتی، دەنگدانی تایبەت بێ کێشە بەڕێوەدەچێت و داوای کرد، خەڵک لە دەنگدانی گشتی بەشدار بن بۆ ئەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەهێزتر بێت.
 
مەنسور بارزانی رایگەیاند: ''هەرکاتێک هەرێمی کوردستان پێویستی بە بەرگری هەبووبێت، پێشمەرگە بە خوێنی خۆی بەرگریی کردووە، ئەو ئارامی و ئاسایشەی لە هەرێمی کوردستانیش هەیە، بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکانی دیکەی کوردستانە''.
 
فەرماندەی لەشکری تایبەتی یەک و گوڵان داواشیکرد: ''پێشمەرگە بە گرنگییەوە بەشداریی لە هەڵبژاردن بکەن و نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن تاوەکو مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە داهاتووی عێراقدا بچەسپێنن."
 
مەنسور بارزانی جەختی لە گرنگیی دەنگدانی گشتی کردەوە و گوتی: ''وەکو پێشمەرگەیەک، داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم لە رۆژی 11ـی 11 بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بەو لایەنە بدەن کە کوردستان بەرەو ئاوەدانی و گەشەپێدان و سەقامگیری زیاتر دەبات''.
 
سەبارەت بە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت، مەنسور بارزانی گوتی: ''تاوەکو ئێستا پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت و هیچ پێشێلکارییەک نەبووە، چاوەڕوانن رۆژی دەنگدانی گشتیش بە هەمان شێوە بێت''.