چیرۆکی ژنێکی کوردی ئێزدی: هاوژینە بێسەروشوێنەکەم بە گریانەوە گوتی 'ئاگات لە منداڵەکانمان بێت'
رووداو دیجیتاڵ
لە رێوڕەسمێکدا لە گوندی کۆچۆ ناسنامەی 41 رووفاتی دیکەی گوندەکە کە لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژکرابوو، ئاشکرا کرا، بەڵام هێشتا چارەنووسی هەزاران کەسی دیکە ماون. ژنێکی کوردی ئێزدی کە هەشت کەس لە خێزانەکەی بێسەروشوێنن دەڵێت، "تاوەکو رووفاتەکان نەبینم هەر چاوەڕوان دەبم." بەڕێوەبەری کارگێڕیی دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکانی تاوانی جینۆسایدی شنگالیش دەڵێت، "نەبوونی بودجە لە بەغدا بۆ پشکنینی دی ئێن ئەی یەکێکە لە هۆکارەکانی سست بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە شنگال."
"ئێوارەیەک بوو، دوو چەکداری داعش هاتن و هاوسەر و کوڕەکەمیان بەزۆر برد، دوایین قسەی هاوسەرەکەم ئەوەبوو کە 'ئاگات لە منداڵەکانمان بێت'." ئەمە قسەکانی بەهار داودی ـن کە تەمەن 39 ساڵانە و خەڵکی گوندی گرزەرکی سەر بە ناحیەی گرعزێری قەزای شنگالە لەبارەی هێرشی داعش بۆسەریان.
بەهار وەکو هەزاران کەسی دیکەی کوردی ئێزدی لە شنگال لە رۆژی 3ـی ئابی 2014 لەگەڵ هاوسەر و چوار منداڵی، خەسوو و خەزووری و برایەکی کەوتنە دەستی داعش. ئەو چیرۆکی خۆی بۆ رووداو گێڕایەوە و دەڵێت، "ئێوارەبوو، لە رۆژی 3ـی مانگ لەکاتی چوونمان بۆ چیای شنگال نەمانتوانی خۆمان رزگار بکەین و کەوتینە دەستی داعش، دواتر رەوانەی تەلەعفەریان کردین، لەوێشەوە بۆ موسڵ، پاشان جارێکی دیکە بە کۆستەر گەڕاندیانینەوە بۆ شنگال و لەگەڵ نزیکەی 300 کەس لە پەیمانگەی تەکنیکیی شنگال دا بووین لە گوندی سولاخ."
ئەو ژنە بە دڵێکی خەمگینەوە بەردەوامیی بە چیرۆکەکەی دا، دەڵێت، "لە دوو مانگی یەکەمدا تاوەکو پەیمانگەی شنگال بووین، هاوسەرە تەمەن 41 ساڵانەکەم و کوڕێکم کە 20 ساڵان بوو، لەگەڵ شەش کەسی دیکە لە کەسوکار و ئەندامانی خێزانەکەم لەگەڵ ئێمەدا بوون، ئێوارەیەک دوو چەکداری داعش هاتن و پیاوەکانیان لە ئێمە جیاکردەوە، هاوسەرەکەم و کوڕەکەمیان لەپێش چاوی من برد، دوایین قسەی هاوسەرەکەم ئەوەبوو کە بە چاوی پڕفرمێسکەوە گوتی 'ئاگات لە منداڵەکانمان بێت'."
لەگەڵ ئەوەی گومان دەکەن کە کۆمەڵکوژ کرابن، بەهار و کەسوکارەکەی و هەزاران کەسی دیکەی شنگال حەوت ساڵە چاوەڕوانی کەسوکارەکانی خۆیان دەکەن و بێهیوا نەبوون. بەهار دەڵێت، "دوای ساڵێک و هەشت مانگ توانیم خۆم و سێ منداڵی دیکەم رزگار بکەم، بەڵام تاوەکو ئێستا بەردەوام پرسیار دەکەم و هیچ لە سۆراخی کوڕەکەم، هاوسەرەکەم و کەسوکارەکانی دیکەمان نییە. ئێمەش چاوەڕوانین رۆژێک بێت کە چارەنووسی ئەوان ئاشكرا بێت بۆ ئەوەی بزانین ساخن یان کوژراون."
کاژێر 11:00ـی بەیانیی رۆژی پێنجشەممە 9-12-2021 لە رێوڕەسمێکدا لە گوندى کۆچۆی سەر بە قەزای شنگال و بە ئامادەبوونى نوێنەرانى سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمانى عێراق و لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستانیش نوێنەرانى سەرۆکی هەرێمى کوردستان، سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران، سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، نوێنەرى یۆنامى لە عێراق و دەیان بەرپرسى حکومەت لە عێراق و کوردستان و کەسوکارى قوربانیانى شنگال، ناسنامەى 41 رووفاتى دیکەى گوندى کۆچۆ ئاشکراکران.
بەهار و سەتان کوردی ئێزدیی دیکەی شنگال لەم رۆژەدا کە رووفاتەکان گەڕێندرانەوە، وەکو یەک خەمگین بوون و دەیان یادەوەریی تاڵیان بەبیرهاتەوە. بەهار گوتی، "کە دەبینم رووفاتەکان دەردەهێندرێن و ناسنامەکان ئاشکرا دەکرێن، لەلایەک زۆر خەمگینم و رۆژەتاڵەکان دێنەوە یادم، بەڵام لەلایەکی دیکەوە خۆزگە بۆ ئەو خێزانانە دەخوازم کە رووفاتی کەسوکاریان لەنێو رووفاتە گەڕاوەکاندایە! لە رێگەی ئێوەیشەوە داوا دەکەم کە پەلە بکرێت و گۆڕەکانی دیکەی شنگال هەموویان هەڵبدرێنەوە بۆ ئەوەی ئێمەش بزانین کەسوکارمان لەنێو گۆڕەکاندان یان نا، تاوەکو هیچ نەبێت گۆڕێک هەبێت بچینە سەری بۆ سووکنایی دڵی خۆمان."
نائیف جاسم، موختاری گوندی کۆچۆ و سەرپەرشتیاری بەخاکسپاردنی 41 رووفاتەکەی کە ناسنامەیان ئاشکرا کرا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم رووفاتانە پێشتر لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە شنگال و کۆچۆ بە چاودێریی تیمی نێودەوڵەتیی یونامی لە عێراق دەرهێندراون و رەوانەی پزیشکی دادی لە بەغدا کرابوون، دوای وەرگرتنی نموونەی دی ئێن ئەی لە کەسوکارەکەیان، ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکیی ئایینیی تایبەت بە خاک سپێردران."
لە 3 ئابى 2014 داعش هێرشى کردە سەر شنگال، نزیکەى 6500 کوردى ئێزدى کەوتنە دەستى داعش، جگە لە کڕین و فرۆشتن بە کچ و ژنانی کوردی ئێزدی، نزیکەى 1293 کەس لە گەنج، پیری کوردی ئێزدیى خەڵکى شنگال گولـلەبارانکران و تاوەکو ئێستا 105 گۆڕى بە کۆمەڵ دەستنیشانکراون.
جاسم هەر لەبارەی دەرهێنانی رووفاتەکان باسی لەوەشکرد، "تاوەکو ئێستا 360 رووفات لە 25 گۆڕی بەکۆمەڵ دەرهێندراون و رەوانەی پزیشکی دادی لە بەغدا کراون بۆ وەرگرتنی نموونەی دی ئێن ئەی و ئاشکراکردنی ناسنامەکانیان. هاوکات ناسنامەی 145 کەسی خەڵکی گوندی کۆچۆ ئاشکراکراون. سەرەتای ئەمساڵیش لە رێوڕەسمێکدا ناسنامەی 104 کەس ئاشکرا کران و بە خاک سپێردران."
موختاری گوندی کۆچۆ لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ دەرهێنانی ئەو رووفاتانەی کە ماون، گوتی، "هەموو ئێزدییەکانی شنگال برا و خوشکی منن، نەک تەنیا خەڵکی کۆچۆ، ئێمە بەردەوام دەبین تاوەکو هەموو رووفاتەکانی ئێزدییان لە شنگال دەردەهێنین."
لە ساڵی 2014 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکانی تاوانی کۆمەڵکوژکردنی کوردانی ئێزدی لە شنگال و نەینەوا کردەوە. ئێستا زۆربەی تاوانەکان لەوێ دۆکیۆمێنت کراون.
نێچیرڤان سلێمان، بەڕێوەبەری کارگێڕی لە دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکانی کۆمەڵکوژیی شنگال بە رووداوی گوت، "هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە شنگال بە چاودێریی تیمی یۆنامییە لە عێراق، بەردەوام 10 کارمەند وەکو تیمی ئێمە و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شنگال لەگەڵ تیمی دەزگای شەهیدان لە عێراق بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شنگال کار دەکەن."
ئەو بەڕێوەبەرە ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئاشکرا کرد کە تاوەکو ئێستا دەستنیشانکراون، راشیگەیاند، "تاوەکو ئێستا 105 گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال و تەلەعفەر دەستنیشانکراون، 25 لەو گۆڕانە هەڵدراونەتەوە کە 360 رووفاتیان تێدا بووە و رەوانەی پزیشکی دادی لە بەغدا کراون تاوەکو نموونەی دی ئێن ئەیان لێ وەربگیرێت."
دەرهێنانی رووفاتەکان پرۆسەیەکی "ورد و زانستییە" نێچیرڤان سلێمان باسی لەوە کرد، "نابێت [لەو پرۆسەیەدا] پەلە بکرێت و لەوانەیە چەندین ساڵی دیکەش بخایێنێت، چونکە تیمی نێودەوڵەتیش چاودێریی دەکەن." هاوکات گوتیشی کە هەموویان دەبێت بە شێوەیەکی زانستی هەڵبدرێنەوە، جگە لەوانەش، پێویستی بە پارەیەکی زۆرە بەتایبەتی بۆ پشکنینی دی ئێن ئەی کە هەر رووفاتێک پێویستی بە وەرگرتنی نموونەی 5 بۆ حەوت کەس دەبێت تاوەکو بەراورد بکرێن و 100% دڵنیا بن کە ئەو رووفاتە سەر بەو خێزانەیە.
تێچووی هەر پشکنینێکی دی ئێن ئەی دەیان هەزار دۆلارە، نێچیرڤان سلێمان گوتی، "ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانە و هۆکاری دیکەش هەن وەکو ئەوەی بەشێک لە رووفاتەکان هەیە کە کەسوکاریان دیار نین، یان لە دەرەوەی وڵاتن، بۆیە ئەو پرۆسەیە پێویستی بە کاتێکی زۆرە."
پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕەکان بەردەوام دەبێت، نێچیرڤان دەڵێت، "ئێمە بەردەوام دەبین تاوەکو هەموو گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵدەدەینەوە، بەڵام کاتی دەوێت."