سوودانی هێرشکردنە سەر نێردە و بارەگا دیپلۆماسییەکان بە 'تیرۆریستی' نێودەبات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانیدا بە سزادانى ئەو کەسانەى کە بەرپرسن لەو ناوچەیەى بەغدا کە هێرشەکەى سەر بە باڵیۆزخانەى ئەمریکاى لێوە ئەنجامدراوە و دەڵێت، "هێرشکردنە سەر هەر نێردە و بارەگایەکى دیپلۆماسی تاوانێکى تیرۆریستییە."
ئەو بڕیارە لە کۆبوونەوەیەکى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران و فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق دراوە کە شەوى 8ى کانوونى یەکەمى 2023 لەگەڵ فەرماندە سەربازى و ئەمنییەکاندا کردوویەتى.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى نووسینگەى رۆژنامەڤانى سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودانى لەو کۆبوونەوەیەدا فەرمانیداوە بە لێکۆڵینەوەکردن لەو کەسانەى کە بەرپرسن لەو شوێنەى ھێرشەکەى سەر باڵیۆزخانەى ئەمریکاى لێوە ئەنجامدراوە لە بەغدا و کەمتەرخەم بوون و دەڵێت: "دەبێت ئەو کەسانە سزابدرێن."
بەرەبەیانیی رۆژی 08-12-2023، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رووبەڕووی هێرشی مووشەکی بووەوە، بەبێ ئەوەى زیانى گیانى لێ بکەوێتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا محەممەد شیاع سوودانى لەگەڵ بەرپرسە سەربازیى و ئەمنییەکاندا تاوتوێى لێکۆڵینەوەکانی کردووە بۆ دۆزینەوەى ئەو کەسانەى کە هێرشەکەیان کردووە.
سوودانى گوتوویەتى: "هێرشکردنە سەر هەر نێردە و بارەگایەکى دیپلۆماسی تاوانێکى تیرۆریستییە، تۆمەتبارانى قورسترین سزا دەدرێن و نەرمى بەرامبەر بە هیچ کەسێکى لەیاسادەرچوو نانوێنین کە ئاسایشى عێراق رووبەڕووى مەترسی دەکەنەوە و ناو و نێوبانگى عێراق لە دەرەوە دەشێوێنن."