سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: لەسەر رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە دوو کەس دەستگیرکراون
رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت، سبەی رێوڕەسمێک بۆ رێزگرتن لەو کەسانە رێکدەخرێت کە لە رووداوی ئاگرەکەدا گیانیان لەدەستداوە. باس لەوەش دەکات، دوو کەس بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ شەممە، 09-12-2023، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی رابردوو رایگەیاند، لە رووی هەبوونی مەرجی سەلامەتییەوە پێداچوونەوە بە سەرجەم باڵەخانەکانی ئیدارەکە دەکرێت، بەتایبەتی ئەوانەی کە بۆ مانەوەی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ بەکاردەهێنرێن.
شەوی رابردوو کاژێر 08:15 ئاگر لە باڵەخانەیەک لەسەر رێگەی سەرەکیی سۆران – چۆمان لە گەڕەکی جووندیان کەوتەوە کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 14 کەس. هەڵگورد شێخ نەجیب لەوبارەوە گوتی، ''دوای ئەوەی تەرمەکان رادەستی کەسوکاریان کرانەوە، سبەی [یەکشەممە] رێوڕەسمێک لە هۆڵی بۆنەکانی سۆران بە مەبەستی رێزگرتن، دانانی تاجە گوڵینە و داگیرساندنی مۆم بۆ گیانلەدەستدراوان بەڕێوەدەچێت".
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو 14 کەسەی لە رووداوەکەی سۆراندا گیانیان لەدەستدا، سیانیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن؛ دووانیش هاوژینی یەکن و خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانن؛ چواریشیان ئەندامی یەک خێزانن و عەرەبن؛ هەروەها یەکێکیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و دووانیش ناسنامەی سووریایان پێبووە و دیار نییە کوردن یان نا. دوو کەسەکەی دیکەشیان عەرەبی عێراقن.