شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ لە تەواوی هەرێمی کوردستان باران دەبارێت. کەشناسێکێش باس لەوە دەکات، کاریگەریی ئەم شەپۆلەی بارنبارین کاژێر 11:00ـی ئەمشەو کۆتایی دێت.
ئەمڕۆ شەممە، 09-12-2023، کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ لە تەواوی هەرێمی کوردستان باران دەبارێت؛ ناوچەکانی دهۆک و هەولێر بەراورد بە ناوچەکانی دیکە بارانی زیاتر دەبارێت.
بەراورد بە دوێنێ، ئەمڕۆ 2 بۆ 4 پلەی سیلیزی پلەی گەرما دابەزیوە. لەبارەی کەشوهەوای سبەی یەكشەممەوە کەشناسی دەڵێت، "ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و هەندێکجار دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو؛ پلەی گەرما 1 بۆ 3 پلە بەرز دەبێتەوە".
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو شەپۆلە بارانبارینەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە کاژێر 11:00ـی ئەمشەو کاریگەری نامێنێت.
ئەو کەشناسە گوتی، "لە ئێوارەی ئەمڕۆوە لە هەولێر ئەگەری هەورە برووسکە و تاوەبارانی باش هەیە".
محەممەد کەمال ئاماژەی بەوەکرد، لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە خۆڵبارینێکی بەهێز سنووری ئیدارەی گەرمیانی گرتووەتەوە.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای سبەی یەکشەممە بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
هەولێر؛ 19 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 18 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 18 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 22 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 18 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 19 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 15 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 11 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 22 پلەی سیلیزی