رووداو ناسنامەی ئەو 14 کەسە بڵاودەکاتەوە لە رووداوەکەی سۆراندا گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو 14 کەسەی لە رووداوەکەی سۆراندا گیانیان لەدەستدا، سیانیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن؛ دووانیش هاوژینی یەکن و خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانن؛ چواریشیان ئەندامی یەک خێزانن و عەرەبن؛ هەروەها یەکێکیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و دووانیش ناسنامەی سووریایان پێبووە و دیار نییە کوردن یان نا. دوو کەسەکەی دیکەشیان عەرەبی عێراقن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئەمڕۆ شەممە، 09-12-2023 لە سەرچاوە باڵاکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران وەریگرتوون، ناسنامەی ئەو 14 کەسەی لە ئاگرکەوتنەوەکەی باڵەخانەکەی سۆراندا گیانیان لەدەستدا، بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
- بەهرام مورادی و ئارام مورادی (کەسوکارەکەی بە رووداویان راگەیاند ئارام بە عومران بانگ دەکەن) مام و برازان و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن و پاسپۆرتی ئێرانیان پێبووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو دوو هاونیشتمانییە خەڵکی گوندی دۆستانی ناوچەی شپیرانی سەڵماس لە پارێزگای ورمێ بوون و بە سەردان بۆلای چەند هاوڕێیەکیان لە باڵەخانەکە بوون.
- مستەفا ئیسماعیل و سانا سامی، هاوژینی یەک بوون. مستەفا خەڵکی ناوچەی رۆستە لە باڵەکایەتی و سانا خەڵكی ناحیەی خەلیفانە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
-ئیلهام وەحید حەنام مامۆستای زانکۆی سۆران، محەممەد وەحید حەنام برای ئیلهام و خوێندکاری خوێندنی باڵای هەمان زانکۆ، هەروەها رەنە واحد خوشکیان بووە و کارمەندی تەندروستی سۆران بووە لەگەڵ دایکیاندا بەناوی مەهدییە هەر چواریان لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
-دوو کەسی دیکە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە بەناوی عەلی عارف عەبدوڵڵا و رێناس سووڵتان کە هاوژین بوون. عەلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و رێناسیش خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە.
- جەعفەر حەریری و ئەحمەد مەنان، دوو کەسی دیکەن گیانیان لەدەستداوە و ناسنامەی سووریایان پێ بووە. دیار نین کە چ نەتەوەیەکن.
- عەللا و قوسەی، دوو کەسی دیکەن لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە و عەرەبن، بەڵام روون نییە خەڵکی کام پارێزگای عێراقن.
شەوی 08-12-2023 کاژێر 08:15 ئاگر لە باڵەخانەیەک لەسەر رێگەی سەرەکی سۆران - چۆمان لە گەڕەکی جووندیانی سۆران کەوتەوە. وێڕای هەوڵی تیمە فریاگوزارییەکان، 14 کەس گیانیان لەدەستدا.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەموو ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی نەمانی ئۆکسجینەوە بووە و کەسیان بە ئاگر نەسووتاوە.