تەرمی دوو کەس لەوانەی لە رووداوەکەی سۆران گیانیان لەدەستدا دەبرێنەوە رۆژهەڵاتی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆراندا سێ هاونیشتمانیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستدا. ئامۆزای یەکێکیان بە رووداوی راگەیاند، تەرمی دووانیان دەبەنەوە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەوی دیکەشیان لە سۆران لەگەڵ تەرمی هاوژینەکەی کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە بە خاک سپاردوون.
دوێنێ هەینی، 08-12-2023، لە باڵەخانەیەکی قەزای سۆران ئاگرێک کەوتەوە و لە ئەنجامدا 14 کەس گیانیان لەدەستدا. بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، سێ لەوانەی گیانیان لەدەستداوە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن، یەکێکی دیکەشیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و هاوژینی یەکێک لەوانەیە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
لەو باڵەخانەیەی ئاگرەکە کەوتەوە، عەلی عارف عەبدوڵڵا، ناسراو بە عەلی وریان و رێناس سووڵتانی هاوژینی ژیاون. عەلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و هاوژینەکەی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن و هەردووکیان لەگەڵ دوو میوانیاندا بەناوەکانی عومران مورادی و بەهرام مورادی کە دووەمیان بە ئارام ناسرابوو، میوانی ماڵی عەلی بوون. عەلی خاڵی عومران بوو.
بەهرام مورادی و عومران مورادی کە مام و برازان، خەڵکی گوندی دۆستانی ناوچەی شپیرانی سەڵماس لە پارێزگای ورمێن. شەهرام مورادی، ئامۆزای بەهرام مورادی ئەمڕۆ شەممە 09-12-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ تەرمی عەلی وریان و رێناسی هاوژینیمان لە گۆڕستانێکی سۆران بە خاک سپارد".
شەهرام مورادی ئاماژەی بەوەشکرد، تەرمی بەهرام مورادی و عومران مورادی دەبەنەوە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە زێدی خۆیان بەخاکیان دەسپێرن.
جگە لەو چوار هاونیشتمانییە، لە رووداوەکەدا دوو هاونیشتمانیی دیکە هەبوون، ئەوانیش مستەفا ئیسماعیل و سانا سامی کە هاوژینی یەک بوون. مستەفا خەڵکی ناوچەی رۆستە لە باڵەکایەتی و سانا خەڵكی ناحیەی خەلیفانە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
لەهەمان رووداودا، چوار هاووڵاتی کە عەرەبی عێراقن و ئەندامی یەک خێزانن بە ناوەکانی ئیلهام وەحید حەنام مامۆستای زانکۆی سۆران، محەممەد وەحید حەنام برای ئیلهام و خوێندکاری خوێندنی باڵای هەمان زانکۆ، هەروەها رەنە واحد کە خوشکیان بوو و کارمەندی تەندروستی سۆران بوو لەگەڵ دایکیان بەناوی مەهدییە، هەر چواریان گیانیان لەدەستدا.
جەعفەر حەریری و ئەحمەد مەنان، دوو کەسی دیکەن گیانیان لەدەستدا و ناسنامەی سووریایان پێ بووە. دیار نییە کە چ نەتەوەیەکن.
عەللا و قوسەی، دوو کەسی دیکەن لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە و عەرەبن، بەڵام روون نییە خەڵکی کام پارێزگای عێراقن.
شەوی 08-12-2023 کاژێر 08:15 ئاگر لە باڵەخانەیەک لەسەر رێگەی سەرەکی سۆران - چۆمان لە گەڕەکی جووندیانی سۆران کەوتەوە. وێڕای هەوڵی تیمە فریاگوزارییەکان، 14 کەس گیانیان لەدەستدا.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەموو ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی نەمانی ئۆکسجینەوە بووە و کەسیان بە ئاگر نەسووتاوە.