بەهۆی بارانبارینەوە دابەشکردنی ئاو لە هەولێر راگیرا

رووداو دیجیتاڵ

لە شەوی رابردووەوە دابەشکردنی ئاوی خاوێن لە بەشێکی هەولێر بە تەواوی راگیراوە و لە بەشێکیش سنووردار کراوە. بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر دەڵێ، ئەمڕۆ دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
 
سەرچاوەی سەرەکی دابەشکردنی ئاو لە هەولێر زێی گەورەیە کە ئاوی پڕۆژەی فریاگوزاری هەولێر و ئیفرازەکانی یەک، دوو و سێ دابین دەکات، بەهۆی بارانبارینی دوو رۆژی رابردووەوە، ئاوی زێی گەورە شێلوو بووە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە بەرپرسێکی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە شەوی رابردووەوە بەهۆی شێلووبوونی ئاوەکەوە دابەشکردنی ئاومان راگرتووە".
 
هەر ئەمڕۆ ئەندازیار هیوا عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەناچاریی بەهۆی شێلووبوونی ئاوەکەوە دابەشکردنمان راگرتووە، بەڵام شێلووبوونەکە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت و دابەشکردن دەستپێدەکاتەوە".
 
رابەر حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دابەشکردنمان بە تەواوی رانەگرتووە، بەڵام زۆر کەممان کردووەتەوە و سنووردارمان کردبووەوە".
 
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتی: "کێشەکە بەرەو چارەسەربوون دەچێ و لە کاژێرەکانی داهاتوودا دابەشکردنی ئاو ئاسایی دەبێتەوە".
 
لە رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستانی گرتووەتەوە و بەردەوامە.