بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان: هەورەبرووسکە لە 6 پێشمەرگەی داوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان رایگەیاند، هەورەبرووسکە لە 6 پێشمەرگەی داوە و تەندروستییان باشە. گوتەبێژی تەندروستیی راپەڕینیش گوتی: "یەکێکیان بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە بۆ نەخۆشخانەی سلێمانی گوازراوەتەوە".
رۆژی سێشەممە، 9ی کانوونی یەکەمی 2025، شاخەوان سکتانی، بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەورەبرووسکە لە دۆڵی بالیسان لە 6 پێشمەرگەی داوە، بەڵام تەندروستییان باشە و برینەکانیان سەخت نین."
بە گوتەی شاخەوان سکتانی، بەشێکیان ئەمشەو دەگەڕێنەوە سەر ئەرکەکانیان.
هاوکات، تەها محەممەد، گوتەبێژی تەندروستیی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند: "12 پێشمەرگە لە دۆڵی بالیسان لە ئەرکدا بوون، نزیک کاژێر 07:00ی ئەمشەو هەورەبرووسکە لێیداون؛ 5یان تەندروستییان جێگیرە و لە فریاکەوتنی رانیەن، یەکێکیشیان بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە رەوانەی سلێمانی کراوە."
لە ئەنجامی بارانبارین، لافاو و کاریگەرییەکانیان دوو کەس لە سنووری چەمچەماڵ و کەسێکیش لە سنووری کەرکووک گیانیان لەدەستدا.