فەرید ئەسەسەرد: پەیامەكە بە هی گۆڕان نازانین

رووداو - هەولێر 

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی لەبارەی ئەو پەیامەی هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان، رۆژی دووشەممە 9-1-2017 بڵاویان کردەوە، کە تێیدا هێرش دەکەنە سەر یەکێتی دەڵێ: پەیامەکە بە هی گۆڕان نازانین و، رەنگە ساختەش بێت.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لەوپەڕی باشیدایە، گوتەبێژی گۆڕان خۆیشی ئەوەی گوتووە، كە پەیوەندییەكانمان زۆر باشن، ئەو پەیامەش كە بڵاوكراوەتەوە بە هی گۆڕانی نازانین، چونكە ناوی كەسی لەسەر نییە و، رەنگە ساختە بێت".

لە بەشێکی پەیامەکەی هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕاندا هاتووە "لە رۆژی 17-5-2016، رێكەوتنی سیاسی نێوان گۆڕان و یەكێتی واژۆ كرا... بەڵام‌ وا نزیكەی 8 مانگ بە سەر واژۆكردنیدا تێپەڕ دەبێت، بەهۆی خۆدزینەوەی بەشێك لە سەركردایەتی‌ و بڕیاربەدەستانی یەكێتیەوه،‌ یەك خاڵیشی لێ جێبەجێ نەكراوە".

ئەندامەکەی سەركردایەتی یەكێتی هەروەها گوتی "لەم ماوەیەدا زۆر باس لە یەكگرتنەوەی یەكێتی ‌و گۆڕان كرا، رەنگە گرووپێك لەنێو گۆڕاندا ئەوەیان پێ‌ باش نەبێت، بۆیە ئەو كارەیان كردبێت، حاڵەتێكی دیكەش هەیە، رەنگە هەر خودی پەیامەكە ساختە بێت ‌و لایەنێك بۆ نانەوەی ئاژاوە بڵاوی كردبێتەوە".

بەڵام عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "ئەو هەڵسووڕاوانەی ئەو پەیامەیان بڵاوكردووەتەوە "كەسانی هەرە گرنگی ناو گۆڕانن، دەتوانم بڵێم كۆڵەگەیەكی ئەساسی ناو گۆڕانن ‌و ئەوان گۆڕانیان دروستكردووە".

دەقی پەیامەکەی هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان 

بۆ: جڤاتی نشتیمانی و جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان

بابەت: یەكلایكردنەوەی چارەنوسی رێكەوتنی گۆڕان- یەكێتی

لە رۆژی 17-5-2016، رێكەوتنی سیاسی نێوان گۆڕان-یەكێتی واژۆ كرا. سەرەڕای بونی سەرنج و رەخنە لای بەشێك لە هەڵسوڕاوان‌، بەڵام لە بەر ئەوەی بە شێوەیەكی گشتی ناوەڕۆكی رێكەوتنە‌كە باشكردنی بژێوی خەڵك و روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و ئاشكراكردنی داهاتەكان و داهاتی نەوت و به ‌نشتیمانیكردنی دامەزراوەكانی حكومڕانی و سەروەری یاساو گۆڕینی سیستم و یەكخستنی ناو ماڵی كوردیی و پارستنی ناوچە كوردستانیە‌ تازە ئازادكراوەكان و پرسی دەوڵەت...هتد، لە خۆ گرتبو، كە هەمویان ستراتیجن و لە بەرژەوەندی گەشتیدان‌، پاشان دەقەكەی خرایە بەردەم خەڵكی كوردستان، ئەمانه وای كرد هەڵسوڕاوان و كادران و ئەندامان و دەنگدەرانی گۆڕان و یەكێتی و خەڵكانی تریش ئومێدی گەورەی لە سەر هەڵبچنن و پێشوازی گەرمی لێ بكەن. هەروەها زۆرینەی لایەنە سیاسیەكانیش وەك هەنگاوێكی گرنگ هەڵسەنگاندنیان بۆ كرد. بەڵام‌ وا نزیكەی 8 مانگ بە سەر واژۆكردنیدا تێپەڕ دەبێت، بە هۆی خۆدزینەوەی بەشێك لە سەركردایەتی‌ و بڕیاربەدەستانی یەكێتیەوه،‌ یەك خاڵیشی لێ جێبەجێ نەكراوە.

لە بەرامبەردا رۆژلەدوای رۆژ دۆخی دارایی و پرۆسەی حكومڕانی بەرەو خراپتر دەچێت. گەندەڵی لە هەمو ئاستەكاندا بە تایبەت لە بواری نەوتدا بەردەوامە. دامەزراوەكانی حكومڕانی كراونەتە وەسیلە بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندای تایبەتی حزبی و گروپی و هەندێك جار ئەجێندای دەرەكی. بێگومان بەشێك لە سەركردایەتی و نوێنەركانی یەكێتی‌ چ لە هەرێم و چ لە كەركوك، ئەگەر راستەوخۆش شەریك و بەشدار نەبن بەڵام ئاگاداری وردودرشتی پرۆسەكەن.

بڕیاربەدەستانی یەكێتی لە سەر ئاستی هەرێم بە كردار پەیڕەوكەرو شوێنكەوتوی سیاسەتە خراپە‌كانی پارتین‌. لە بەغدا لە گەڵ چارەسەی كێشەی موچەن بەڵام لە هەولێر دژن، لە بەغدا دژی تاڵانی نەوتن بەڵام لە هەولێر له گەڵن. لە زۆربەی هەڵوێست و پرسەكاندا بە تەواوی دژ بە ناوەڕكی رێكەوتنەكەیان لەگەڵ ئێمە هەڵسوكەوت دەكەن، (بە كورتی‌ یاریەكی زۆر ناشرین دەكەن، كە بە زیانی خەڵكی كوردستان و پرۆسەی سیاسی بە گشتی شكاوەتەوە)‌. لە لایەكی ترەوە سەركردایەتی یەكێتی پابەند نەبوە بە تەواوكردنی ئەو رێكەوتنەی كە ‌بۆ دەستاودەستكردنی دەسەڵات لە حكومەتە خۆجێیەكاندا، لە نێوانماندا ئەنجام درا.

لە ماوەی رابردوو وەك پیشاندانی نیازپاكی و لە پێناو پێدانی دەرفەت بە سەركردایەتی یەكێتی و دروستكردنی متمانە لە نێوان هەردوولاماندا، میدیاكانی گۆڕان و زۆرینەی هەڵسوڕاوانی گۆڕان لە ئاست چەندین خواروخێچی و‌ هەڵوێستی دژبەیەك و تەنانەت گەندەڵی بەشێك لە بەرپرسان و نوێنەركانی ئەو حیزبە چاوپۆشیمانكرد، ئەمەش تەنهاوتەنها بۆ ئەوەی شانسی سەرخستنی رێكەوتنەكە بە قازانجی خەڵك لە بار نەبرێت. بەڵام ئەمە نەك نەبووە هۆی جێبەجێكردنی،‌ بەڵكو وا خەریكە ئەو هەستە لای رای گشتی دروست دەبێت، كە گۆڕان لە ئاست خواستەكانی خەڵك بێ هەڵوێستەو بوەتە‌ قەڵغان بۆ پەردەپۆشكردنی كارە خراپەكانی گرووپە بەرژەوەندیخوازەكانی ناو یەكێتی، كە ئەمەش لە شەقامدا وەك‌ فریودانی گۆڕان وەسف دەكرێت.

لەم سەروەخەتدا، ئێمە پێمان وایە ئیدی هیچ پاساوێك بۆ بێدەنگی نەماوە‌ و، كاتی ئەوە هاتووە لە نزیكترین كاتدا سەركردایەتی یەكێتی بە فەرمی و ئاشكرا ئاگادار بكرێتەوە، بۆ ئەوەی بزانین ئایا ئامادەن رێكەوتنەكه جێبەجێ بكەن یان نا؟ ئەگەر ئامادەن ئەوا بفەرموون لە سبەینێوە هەنگاوی كرداری بنرێت، خۆ ئەگەر پەشیمانن، با خۆیان هۆكارەكانی بۆ رای گشتی روون بكەنەوە و كۆتایی بە رێكەوتنەكە‌ بهێنن، خۆ ئەگەر ئەمانەش ناكەن ئیدی كاتی ئەوەیە‌ ئێمە لای خۆمانەوە رای‌ گشتی و بە تایبەت كادران و دەنگدەرانی یەكێتی و خەڵكی خەمخۆری ناو ئەو حزبە، لە هەڵوێستی نارۆشن و خۆدزینەوەی‌ سەركردایەتیەكەیان ئاگادار بكەینەوە، بۆ ئەوەی لە لایەك بۆ مێژوو راستییەكان بۆ هەمووان روون ببنەوە، لە لایەكی تریشەوە گۆڕان بەرچاوڕۆشن و دەستكراوەبێت بۆ كارو هەنگاوكانی داهاتوو...

چاوەڕێی وەڵامی بە پەلەین    
                                                             
ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوانی گۆڕان 8-1-2017