دروستکردنی کولیچە بۆ جەژنی لەدایکبوونی مەسیح

رووداو دیجیتاڵ

لە هەرێمی کوردستان، كریستیانەكان نەریتێکیان هەیە، ئەویش دروستکردنی کولیچەیە بۆ جەژنی لەدایکبوون، کولیچە لە پێش جەژنەکە دروستدەکرێت و دەبێت هەموو ماڵێکی کریستیان لە ماڵ بۆ ئەو جەژنە کولیچەی هەبێت. 

ئاشورینا عەزیز کچێکی دەستڕەنگینە لە کاری هەویرکاری، بۆ دروستکردنی کولیچە و کادەی جەژنی سەری ساڵ ئامادەکاری دەکات. دەیەوێت چەندین جۆر کولیچە و کێک و شیرینی بۆ گەورەترین بۆنەی ئایینی و کولتووری کریستیانەکان دروست بکات.

ئاشورینا عەزیز لەوبارەوە بە رووداوی گوت: "داب و نەریتمانە دەبێت کولیچە و کادە و شیرینی جەژنی سەری ساڵ ئامادە بکەین، هەموو ماڵێک ئەو کارە دەکات مەگەر تازیەیان هەبێت، دەبینی ئێمە چەندین جۆر لەو کولیچانە با ئاڵای ئاشووری بە سەلیب دروست دەکەین".

هەموو ئەو جۆرە کێک و کولیچانەی دروستی دەکەن، لە ماوەی رۆژانی جەژندا سفرەی ماڵەکانیان پێ دەڕازێننەوە. ئاشورینا لە خەمی کولتووری باوک و باپیرانی دایە و ئەو ماڵە کریستیانانەی دەیان ناسێت ئەوانیش لە کولیچە و کادە بێ بەش ناکات.

ئاشورینا عەزیز باس لە رێوڕەسمەکان دەکات و دەڵێت: "نزیکەی هەفتەیەک بە بەردەوامیی ئاوا سفرە راخراوەو شیرینی لە سەرە، جەژنە و هەمووکەس سەردانی یەکدی دەکەین و لەم شیرینیانە دەخۆین. بۆ ئەوەی هەموو ماڵێکیش هەیبێت و لە جەژن و کولیچە بێبەش نەبن و ئەم کولتوورە بمێنێتەوە من بۆیان دەبەم".

نەریتیانە بۆ جەژنی لەدایکبوونی مەسیح ماڵەکانیشیان بڕازێننەوە. دەبێت ماڵەکان بڕازێنینەوە و هەمووماڵێک داری کریسمسی هەبێت بۆ ئەوەی لەم چەند رۆژەی جەژنەدا دڵخۆش بین و یادەکە بەرز رابگرین. ئامادەکارییەکانیان تەنها لە ژوورەکاندا نین بە ئاسانی گەڕەکە کریستیان نشینەکان دەناسیتەوە.

ئیڤان جانێ، مامۆستا لە سۆران بە رووداوی گوت: "لە هەرێمی کوردستان چەندین ئایین و ئاینزا و نەتەوەی جیاواز هەن و هەر گەل و نەتەوەیەکیش یاد و بۆنەکانی خۆی خۆش دەوێت و یادیان دەکاتەوە، ئێمە لە سۆران لەگەڵ ئەوەی لە سەدا پەنجای کولتوورەکەمان لە ناو چووە بەڵام ئێمە لە هەوڵی پاراستنیان داین و یادەکان دەکەینەوە".

ژمارەی کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 300 هەزار کەسن. خاوەنی 266 کەنیسەن. نزیکەی 500 کەسیان دانیشتووی سنووری ئیدارەی سۆرانن و لە سێ کەنیسەی ناوچەکە رێوڕەسمەکانی جەژنیان بەڕێوە دەبەن.