گۆڤارێکی نێودەوڵەتی: زانکۆی سەلاحەدین لەسەر ئاستی عێراق یەکەمە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی دوایین ریزبەندی گۆڤارێکی نێودەوڵەتی، زانکۆی سەلاحەدین - هەولێر لەسەر ئاستی عێراقدا یەکەمە.
پ.د. جەوهەر فەتاح، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی دوایین ریزبەندی، گۆڤاری (Web of Science) نێودەوڵەتی، رۆژی شەممە 8-1-2022 بڵاوکراوەتەوە، زانکۆی سەلاحەدین - هەولێر، لەنێو هەموو زانکۆ عێراقی و کوردستانییەکاندا لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ریزبەندی یەکەمدایە.
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین روونیکردەوە، گۆڤاری (Web of Science) نێودەوڵەتی، سەرپەرشتی زیاتر لە 12 هەزار گۆڤاری زانستی فاکتەری کاریگەر دەکات لەسەر ئاستی جیهان، ئەو گۆڤارە نێودەوڵەتییە داتای 5 ساڵی بەیەکەوە کۆکردووەتەوە، لە نێوان ساڵانی 2016- 2020 بەو پێیە لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا لەسەر ئاستی جیهان توێژینەوەکانی توێژەران و مامۆستایانی زانکۆی سەلاحەدین - هەولێر، لەلایەن توێژەرانی زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمییەکانی جیهان سوودی لێوەرگیراوە، وەک سەرچاوەی زانستی لە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و سایتەیشنی بۆ کراوە.
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین ئاماژەی بەوەکرد، ئەمە کاریگەری گەورەی دەبێت لە بەزرکردنەوەی زیاتر سەنگ و پێگەی زانکۆی سەلاحەدین، وادەکات زانکۆ جیهانییەکان بەنێوبانگەکان یاداشت و رێککەوتنی زانستی لەگەڵ زانکۆی سەلاحەدین بکەن، بەمەبەستی ئاڵوگۆڕی زانستی و سوود وەرگرتن لە توانا و ئەزموونی هەردوولا.