لە هەولێر خاوەن موەلیدەیەک کارەبا گرتی و گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری هەولێر، خاوەنی موەلیدەیەک کارەبا گرتی و گیانی لەدەستدا.
قارەمان مەولوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ خاوەنی موەلیدەیەک کاتێک سەرقاڵی کارەبا بووە کارەبای نیشتمانی گرتوویەتی و گیانی لەدەستداوە".
ئەو هاونیشتمانییە ناوی پێرس شاکرە و لە گەڕەکی خانەقای هەولێر موەلیدەی هەیە.
بەگوێرەی رووپێوییەکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا حەوت هەزار و 354 موەلیدەی ئەهلی کاردەکەن و لەکاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا بەگوێرەی خشتەی بەردەستیان کارەبا دەدەنە هاوبەشانیان.
لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 311 هەزار و 598 هاوبەشی کارەبای موەلیدە هەن و پێنج ملیۆن و 290 هەزار و 169 ئەمپێر کارەبا بەکاردەهێنن.