بە تۆمەتی دزینی زێڕ لە هەولێر، سێ کەس لە سلێمانی دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ
 
پۆلیسی سلێمانی بە تۆمەتی دزیکردن سێ‌ تۆمەتباری دەستگیرکردووە و دەستیشی گرتووە بەسەر دوو ئۆتۆمبێلیاندا. گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت، تۆمەتبارەکان لە هەولێر زێڕیان دزیوە و دوای دەستگیرکردنیان رادەستی پۆلیسی هەولێر کراونەتەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 10-01-2024، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، بە بڕیاری دادگەی لێكۆڵینەوەی هەولێر و لەلایەن نووسینگەی نەهێشتنی دزینی ئۆتۆمبێلی سەر بە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی، سێ‌ تۆمەتبار دەستگیركراون و دەستگیراوە بەسەر دوو ئۆتۆمبێلیاندا.
 
ئەو سێ کەسەی دەستگیرکراون دوویان ژنن؛ نەقیب سەرکەت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو تۆمەتبارانە لە بازاڕەکانی هەولێردا زێڕیان دزیوە، دوای بەدواداچوونی پۆلیسی هەولێر و ئاشکراکردنی سەرەداو لە تۆمەتباران، پۆلیسی سلێمانییان ئاگادارکردەوە و ئێمەش بەدواداچوونمان دەستپێکرد".
 
نەقیب سەرکەوت ئاماژەی بەوە کرد، تۆمەتبارەکان؛ دوو ئۆتۆمبێل و ئەو بڕە پارەیەی پێیان بووە لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە رادەستی پۆلیسی هەولێر کراونەتەوە.
 
پۆلیسی سلێمانی ناسنامەی تۆمەتبارەکانی بەمشێوەیە راگەیاندووە، (ك ،م ، ئـ لەدایكبوی 1979 - هـ، ک، ش لەدایكبووی 2001  - پ، ل، ب لەدایكبووی 2002).
 
بەگوێرەی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2022 پێنج هەزار و 931 رووداوی دزیکردن لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، تاوەکو ئەمڕۆ ئاماری ساڵی 2023 بڵاونەکراوەتەوە.