لە زینی وەرتێ پێشمەرگەیەک کەوتە ژێر زنجیری شۆفڵ و گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی راماڵینی بەفر لە زینی وەرتێ، پێشمەرگەیەک کەوتە ژێر زنجیری شۆفڵێک و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.
شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە ئەمڕۆ روویداوە و پێشمەرگەکە ناوی (سەلیم حوسێن مەولوود)ـە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ، رووداوەکە بەو شێوەیە بووە لە کاتی راماڵینی بەفردا قاچی پێشمەرگەکە خزاوە و کەوتووەتە ژێر زنجیری شۆفڵێک (بوڵدۆزەر)ـی پاککردنەوەی رێگە، بەو هۆیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
سەلیم حوسێن، پێشمەرگەی فەوجی یەکی لیوای حەوتی پیادەی سۆران بووە و لە زینی وەرتێ ئەرکی هەبووە.
بەڕێوەبەری ناحیەکە ئاماژەی بەوە کرد، لەبەرئەوەی پێشمەرگەکە دانیشتووی ناحیەی چوارقوڕنەیە، تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی راپەڕین دەکرێت.