وەزارەتی کشتوکاڵ: مریشکی هەرێمی کوردستان بە فەرمی رەوانەی عێراق دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، بەمنزیکانە بەشێوەی فەرمی مریشکی زیندوو هەناردەی پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت. جەختیش دەکاتەوە رێگە نادرێت ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی گرانبوونی نرخی مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.
رۆژی شەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2026، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا و پێشتریش مریشکی زیندوو لە رێگەی بازگەکانەوە بە نافەرمی رەوانەی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت، بڕێک پارە لە بازگەکان وەردەگیرێت، بەڵام ئێستا لیژنەیەک لە حکومەتی عێراق پێکهاتووە و دەیانەوێت پرۆسەکە بە فەرمی بکرێت."
بە گوتەی بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ، بۆ رێکخستنی ئەم پرۆسەیە، کۆبوونەوە لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازیی پەلەوەری هەرێمی کوردستان کراوە، کە سەرۆکی کۆمەڵە پەلەوەرییەکانی سەرجەم پارێزگاکانی تێدایە. ئاماژەی بەوەش کرد: "پێویستە لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بکرێت، بەم نزیکانە مریشک بە شێوەیەکی فەرمی و بە بڕوانامەی تەندروستییەوە رەوانە دەکرێت."
لەبارەی کاریگەریی ئەم بڕیارە لەسەر نرخ، فیراس سدیق دڵنیایی دەدات: "رێگە نادەین ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی مریشک لەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، بەڵکو دەمانەوێت هاوسەنگییەک دروستبکەین نە خاوەن پڕۆژەکان زەرەرمەند بن و نە هاووڵاتییانیش."
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە هەرێمی کوردستان 1995 پەلەوەرخانە هەن، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک بەخێودەکەن. بەرهەمی ساڵانەی گۆشتی مریشک دەگاتە نزیکەی 250 هەزار تۆن، لە کاتێکدا پێداویستیی ناوخۆ 146 هەزار تۆنە؛ واتە ساڵانە نزیکەی 104 هەزار تۆن گۆشتی مریشک لە پێداویستیی ناوخۆ زیادە.