روانگە خەندە دەگەڕێنێتەوە بۆ خەندەی 7 ساڵان؛ کچەکەی چەمچەماڵ بووە خاوەنی خانوو


رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی لە لافاوەکەی چەمچەماڵ دایکی لەدەستدا و بووە "دایک" بۆ برا ساواکەی، دەزگای روانگە خەندە بۆ خەندەی 7 ساڵان دەگەڕێنێتەوە. روانگە خانوویەکی بۆ خێزانەکەی کڕی و باوکی خەندە دەڵێت: "ئیتر کچەکەم دەتوانێت وەک منداڵێک بژی."
 
چیرۆکی خەندە قاسم دوای لافاوەکەی 9ـی کانوونی یەکەمی 2025 دەنگی دایەوە؛ کچێکی 7 ساڵان کە لە خانوویەکی کرێدا دەژیا و دوای گیانلەدەستدانی دایکی، ئەرکی بەخێوکردنی برا ساواکەی کەوتە ئەستۆ، لەکاتێکدا باوکیشی بەهۆی خزمەتکردنی منداڵەکانەوە نەیدەتوانی کار بکات.
 
تیمێکی دەزگای روانگە کە لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە چیرۆکەکەیان بینیبوو، سەردانی چەمچەماڵیان کرد و بەڵێنیان بە قاسم نازم، باوکی خەندە دا هەر خانوویەک بەدڵی خۆی بدۆزێتەوە، بۆی دەکڕن.
 
شێخ حەسەن عەلائەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە بە رووداوی راگەیاند، هەمان رۆژ باوکی خەندە خانوویەکی نوێی دۆزیوەتەوە و دەزگاکە گرێبەستی کڕینی بۆ واژۆ کردووە.
 
دوای ئەم هاوکارییە، باوکی خەندە بڕیاریداوە خۆی تەرخان بکات بۆ خزمەتکردنی منداڵەکانی، بۆ ئەوەی خەندە بتوانێت لە تەمەنی خۆیدا وەک منداڵێک بژی، نەک وەک دایکێک کە ئەرکێکی قورسی لەسەر شان بێت.
 
قاسم نازم بە کرێکاری و مووچەی وانەبێژیی گرێبەستی هاوژینەکەی، بژێویی خێزانەکەی دابین دەکرد. رۆژی 09-12-2025، لە لافاوەکەی چەمچەماڵ مامۆستا کوردستانی هاوژینی لەترسی ئاو و گیانی کۆرپەکانی تووشی شۆک بوو، هەفتەیەک دوای لافاوەکە لە 16-12-2025 هەر بەو ترس و شۆکەوە گیانی لەدەستدا.