هاتووچۆی چەمچەماڵ: ئەو خاوەن ئۆتۆمبێلانەی سکاڵایان هەبوو، با سبەی سەردانمان بکەن


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری هاتووچۆی چەمچەماڵ دەڵێت، ئەو خاوەن ئۆتۆمبێلانەی سکاڵایان تۆمار کردووە و لە بڕی هاوکارییەکەیان ناڕازین، دەتوانن سبەی کاژێر 09:00 سەردانیان بکەن.
 
7ـی ئەم مانگە قۆناخی دووەمی پێدانی هاوکارییەکان بە زیانلێلکەوتووانی لافاو لە سنووری چەمچەماڵ دەستپێکرد. لەم قۆناخەدا 919 ملیۆن و 350 هەزار دینار هاوکاری بەسەر خاوەنی 694 ئۆتۆمبێلی زیانلێکەوتووی لافاوەکە دەبەشکرا. کەمترین بڕی 100 هەزار دینار و زۆرترینیش 15 ملیۆن دینار بوو، بەڵام بەشێکیان لە بڕەکەی ناڕازیبوون و سکاڵایان تۆمارکرد.
 
رۆژی شەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2026، عەمید عومەر عەلی، بەڕێوەبەری هاتووچۆی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو ئەو کەسانەی لە لافاوەکەی چەمچەماڵ زیانیان بەرکەوتبوو، 7ـی ئەم مانگە هاوکاری کران، ئەوانەی ناڕازی بوون لە هاوکارییەکە و سکاڵایان تۆمار کردووە؛ با سبەی کاژێر 09:00ـی بەیانی سەردانمان بکەن بە مەبەستی سەیرکردنەوەی سکاڵاکانیان."
 
بە گوتەی عەمید عومەر عەلی، لیژنەیەک لە هاتووچۆی سلێمانی بڕی زیانی ئۆتۆمبێلەکانی دیاری کردبوو و سکاڵاکانیش لەلایەن لیژنەی بووژاندنەوەی چەمچەماڵەوە تۆمار کرابوون. باسی لەوەش کرد: "سبەی ئەو لیژنەیەی هاتووچۆی سلێمانی دێتەوە و هەر ئەوانیش سەیری سکاڵاکان دەکەنەوە."
 
بەڕێوەبەری هاتووچۆی چەمچەماڵ گوتی: "سبەی دووبارە پێداچوونەوە بە ئەو کەسانەشدا دەکرێت کە ناویان تۆمار نەکراوە."
 
رۆژی 07-12-2025 لافاو لە چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان دروستبوو، لەنێویاندا قەزای چەمچەماڵ زۆرترین زیانی مادی لێکەوتەوە.
 
رەنج سەنگاوی، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو، لە دوو بەرنامەی تایبەتدا توانی نزیکەی 7 ملیار دینار بۆ لێقەوماوانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆبکاتەوە، کە نزیکەی نیوەی کۆی کۆکردنەوەی هاوکارییەکانی کۆمیسیۆنەکەیە.