سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا: پێویستە سوپای پاسدارانی ئێران بخەینە لیستی تیرۆرەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا رایگەیاند، ئاگاداری خۆپێشاندانی هاووڵاتییانی ئێرانن. دەشڵێت، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی هێرشدەکەنە سەر خۆپێشاندەران "پێویستە سوپای پاسداران و هەر هێرشکارێکی دیکە بخەینە لیستی تیرۆرەوە کە ئازاریان پێدەگەیێنێت".
رۆژی شەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2026، رۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "جیهان بینەری ئازایەتی خەڵکی ئێرانە و داخوازییەکانیان بۆ ئازادی، شکۆ و شانازییان دەبیستین". دەشڵێت، "پاڵپشتی خۆپێشاندەرانی ئێرانین".
لە 28ی مانگی رابردووەوە خۆپێشادان لە ئێران دەستیپێکرد، سەرەتا خۆپێشاندانەکە لە تاران بوو و دواتریش زۆرێک لە شار و پارێزگاکانی ئەو وڵاتەی گرتەوە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا لە نووسینەکەیدا دەشڵێت: "پێویستە وڵاتانی ئەورووپا کار بۆ خواستەکانی خۆپێشاندەران بکەن". ئاماژەی بەوەش کرد، "لەو چوارچێوەیەدا پێویستە سوپای پاسدارانی ئێران بخەینە لیستی تیرۆر و سزاش بەسەر هەموو ئەوانەدا بسەپێنین کە هێرشدەکەنە سەر خۆپێشاندەران و دەیانکوژن".
میدیای فەرمیی سوپای ئێران دەڵێت، 200 کەسیان دەستگیرکردووە رێکخەری خۆپیشاندانەکانن و "نارنجۆک و چەکیان لەنێو خۆپێشاندانەکاندا پێبووە".