نوێنەری مەسەدە لە هەرێمی کوردستان: تەنیا بە گەرەنتیی راستەقینە لە حەلەب دەکشێینەوە
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری مەسەدە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، تەنیا بە گەرەنتیی راستەقینە ئامادەن هێزەکانیان لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب بکشێننەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، بە 42 هەزار چەکدار هێرش دەکرێتە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە.
ئەمڕۆ شەممە 10-01-2026 هۆشەنگ دەروێش، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات - مەسەدە لە هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، لەبارەی هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب رایگەیاند، ''ئەو هێزەی لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە بەکارهێندراوە، بۆ شەڕی وڵاتان دەبێت، نەوەک دوو گەڕەک.''
هۆشەنگ دەروێش ئاماژەی بە بەرفراوانیی هێرشەکە کرد و گوتی، ''لەلایەن چوار فیرقەی سوپای عەرەبیی سووریاوە بە تانک، تۆپخانە، چەکی قورس و راجیمە هێرش دەکرێتە سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە.''
ئەو هێزانە کێن کە هێرش دەکەن؟
بە گوتەی نوێنەری مەسەدە لە هەرێمی کوردستان، ژمارەی ئەو چەکدارانەی کە هێرشیان کردووەتە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، 42 هەزار چەکدارن، ''تاوەکو ئێستا 110 تانک، چوار درۆنی تورکی بەکارهێندراون و 67 هێرشی درۆنی کراوە.''
هۆشەنگ دەروێش سەبارەت بەو گرووپە چەکدارانەی گەمارۆی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەیان داوە و هێرش دەکەن گوتی، فیرقەکانی 60 و 80 کە تووندڕەوترین گرووپەکانی سەر بە دەستەی تەحریری شام بوون، هێرش دەکەن کە لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی ''ئەبو قوتەیبە منبجی'' سەرپەرشتی دەکرێن.
هاوکات نوێنەری مەسەدە ئەوەشی خستەڕوو، فیرقەی 76 کە بە ''حەمزات'' دەناسرێت و لەلایەن سەیفەدین ئەبوبەکرەوە سەرپەرشتی دەکرێت، لەگەڵ فیرقەی 72 بە سەرۆکایەتیی خەتاب ئەلبانی کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت، لە هێرشەکاندا بەشدارن.
هۆشەنگ دەروێش جەختی لەوە کردەوە، بەپێی رێککەوتنی 1ی نیسان، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ''بە هیچ شێوەیەک'' هێزی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە نەماوە و تەنیا ئاسایشی ناوخۆ (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) بەرگری دەکات.
وەک نوێنەری مەسەدە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، هێزەکانی هەسەدە لە رۆژهەڵاتی فورات جێگیر کراون و ''نزیکترین خاڵیان لە شێخ مەقسوود دێر حافرە، کە نزیکەی 50 کیلۆمەتر مەودای لەگەڵ ئەو گەڕەکە هەیە.''
سەبارەت بە هۆکاری ئەوەی کە هەسەدە ناچێتە نێو شەڕی حەلەب، هۆشەنگ دەروێش گوتی، ''کردنەوەی رێڕۆ و بڕینی ئەو 50 کیلۆمەتر مەودایە لەلایەن هەسەدەوە، پێویستی بە بڕیارێکی نێودەوڵەتییە و لەوانەیە شەڕەکە بەرفراوانتر بکات.''
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر وەکو هەڵوێستێک سەبارەت بە شەڕەکەی حەلەب رایگەیاندووە، کورد پێکهاتەیەکی سەرەکیی سووریان و دەیانپارێزن. نوێنەری مەسەدە لە هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، ''ئەوە تەنیا قسەیە و ئێمە پێویستمان بە کردەوەیە.''
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کە لە لایەن ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، بە مەرج رازین هێزەکانیان لە گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب بکشێننەوە بۆ رۆژهەڵاتی رووباری فورات.
هۆشەنگ دەروێش گوتی، ''بۆ کشانەوەی هێزەکانمان پێویستیمان بە گەرەنتیی راستەقینەی ئەمریکا و فەرەنسا هەیە. گەرەنتیی کورد تەنیا دەستوور و شێوەی بەڕێوەبردنی وڵاتە، دەبێ سووریایەکی نا ناوەندی هەبێ و مافی کورد و هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت.''
هەر سەبارەت بە پەیامەکەی ئیلهام ئەحمەد ئەو نوێنەرەی مەسەدە دەڵێت، ''کەس بیر لەوە نەکاتەوە کە خۆمان بە دەستەوەداوە، بەڵکو مەرجمان هەیە، پێویستە ئەنجوومەنێکی سڤیل بۆ بەڕێوەبردنی گەڕەکەکان هەبێ. دووەم؛ هێزێکی ناوخۆیی بۆ پاراستنی گەڕەکەکان لەئارادا بێت. هەروەها سوپای سووریا نابێ لەنێو گەڕەکەکاندا هەبێ، ئەو مەرجانەش هەمان رێککەتنی 1ـی نیسانە.''
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان لە سوپای عەرەبیی سووریا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی گەڕەکی شێخ مەقسوودیان لە شاری حەلەب بە تەواوەتی کۆتایی پێهێناوە و سەربازەکانیان بڵاوەپێکردووە. هاوکات میدیای بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، پێکدادان بەردەوامە.
بەگوتەی هۆشەنگ دەروێش لە ئەگەری بەردەوامبوونی شەڕ لە شێخ مەقسوود، شەڕەکە درێژە دەکێشێت، ''چونکە شێخ مەقسوود جیاوازە لە ئەشرەفییە، تایبەتە و شەڕی کۆڵان بە کۆڵانی تێدا دەکرێ. هەروەها هەندێک شوێنی، بەهۆی بەرتەسکبوونی کۆڵانەکان، تانکی تێدا بەکارناهێنرێ و رێگەکانی چووونە ژوورەوەی گەڕەکەکەش زۆر کەمن.''
لە بەشێکی قسەکانیدا نوێنەری مەسەدە لە هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەگەری چەکدانانی هێزەکانی سووریای دیموکرات گوتی، ''خەونی ئەوەیان نەبێ کە هەسەدە چەک دادەنێت، چونکە ئەو چەکەی لە دەستی (هەسەدە)ـدایە، گەلی ئێمەی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا پاراستووە. ئەگەر یەپەژە و یەپەگە لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بووان، ئێستا دۆخەکە بە شێوەیەکی دیکە دەبوو.''
گرژییەکان دوای ئەوە سەریانهەڵدا کە هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی "رێککەوتنی تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لەناو حکومەت"دا تووشی بنبەست بوون؛ ئەو رێککەوتنەی کە لە مانگی ئاداری 2025 واژۆ کرابوو. حکومەتی نوێی سووریا کە دوای رووخانی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 دەسەڵاتی گرتە دەست، سوورە لەسەر ئەوەی تەنیا یەک هێزی چەکدار لە وڵاتدا هەبێت.
لە چەند روژی رابردوودا، سوپای سووریا چەندین مۆڵەتی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ راگەیاند، بەڵام لایەنی کوردی جەختی لەسەر مانەوە و بەرگریکردن لە گەڕەکەکانی کردەوە، ئەمەش وایکرد سوپای عەرەبیی سووریا ناوچەکە وەک "ناوچەی سەربازیی داخراو" بناسێنێت و ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەستپێبکات.