سەرما تەنگی بەو کوردانە هەڵچنیوە لە حەلەبەوە چوونەتە عەفرین و هاوکاریی بەپەلەیان پێویستە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێت، هاوکارییەکانیان بۆ ئاوارەکانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب کە چوونەتە عەفرین، فراوان دەکەن و بەتانی، خواردن و پێداویستیی پزیشیکییان پێدەگەیێنن.
 
رەواج حاجی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تیمەکانمان تاوەکو کاژێر 11:00ی شەوی رابردوو هاوکاریی خەڵکیان کردووە و ئەمڕۆ هاوکارییەکان فراوانترن."
 
بەگوێرەی رێکخراوەکە بۆ رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 30 هەزار خێزانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەبەوە چوونەتە عەفرین، کە نزیکەی 150 هەزار کەسن.
 
رەواج حاجی گوتیشی، "سەرما و هەوای ساردی تووند بە شێوەیەکی زۆر، کاریگەریی خراپی لەسەر ئاوارەکان کردووە، بەتایبەت منداڵان، ژنان و بەساڵاچووان."
 
ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، "پشکی شێری ئاوارەبوونەکە بۆ قەزای عەفرینە بە هەموو گوند و ناحیەکانیەوە، کە بەپێی راپۆرتی فەرمانگەی کاروباری کۆمەڵایەتی، زیاتر لە 22 هەزار خێزان کە ژمارەیان بریتییە لە 110 هەزار کەس، چوونەتە گوند و ناحیەکان، ئەمەش وادەکات شوێنی مانەوە پێویستی بە ئامادەکاریی زیاتر بێت."
 
رەواج حاجی گوتیشی، "نزیکەی 3000 کەس خواردنی خێرایان بۆ ئامادەکراوە، کە برنج، نۆک، گۆشت، نیسک، نان و ئاو بوون و بەردەوام دەبین لە ئامادەکردنەکە."
 
لەبارەی هاوکاریی تەندروستیشەوە، رەواج حاجی ئاماژەی بەوە کرد، 10 تیمی جیایان هاوکاریی ئاوارەکان دەکەن و خزمەتگوزاریی پزیشیکییان گەیاندووە بە زیاتر لە 150 کەس، جیا لە دابیکنردنی شیرن و دایبی منداڵان.
 
بەگوێرەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەمڕۆش خواردنی گەرم پێشکێشی سێ هەزار ئاوارە دەکەن، هەروەها بەتانی بۆ 400 کەسی نێو کەمپەکان دابیندەکە.
 
وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی سووریا چووە عەفرین
 
بۆ زانینی دۆخی ئاوارە کوردەکانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە کە چوونەتە عەفرین و دەوروبەری، هند قەبوات، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی کاتیی سووریا چووە عەفرین.
 
ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە عەفرین، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەگەڵ وەزیری کۆمەڵایەتی سووریا سەردانی کەمپەکان دەکەین بۆ زانینی دۆخی ئاوارەکان."
 
ئەو بەرپرسەی ئەنەکەسە گوتیشی، "وەزیر هاتووە بۆ ئەوەی بزانێت دۆخی ئاوارەکان چۆنە، چییان پێویستە بۆ ئەوەی هاوکارییان بکەن."
 
ئەحمەد حەسەن ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی سەرمای تووندەوە دۆخی ئاوارەکان لە عەفرین و دەوروبەری سەختە و پێویستیی بە پەلەیان بە هاوکاری مرۆییە.
 
لە 6ی ئەم مانگەوە سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە کوردییەی حەلەب دەستپێکردووە و بەردەوامە، بەهۆیەوە دەیان کەس بوونەتە قوربانی و هەزارانیش ئاوارە بوون.