زیاتر لە 4000 هاوبەش لە هەرێمی کوردستان کارەبای وزەی خۆر بەکاردەهێنن
رووداو دیجیتاڵ
بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر (سۆلار) لە هەرێمی کوردستان روو لە زیادبوونە؛ بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کارەبا 4159 هاوبەش سیستمەکەیان بەستووە و پارێزگای سلێمانی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە پلەی یەکەمدایە.
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئامارەکانی وەزارەتی کارەبا و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان، ریزبەندیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لەڕووی ژمارەی هاوبەشانی سیستمی سۆلار بەم شێوەیەیە:
سلێمانی: 2,590 هاوبەش
هەولێر: 740 هاوبەش
دهۆک: 530 هاوبەش
هەڵەبجە: 204 هاوبەش
سۆران: 95 هاوبەش
سلێمانی؛ رۆژانە 12 کەس زیاد دەبن
رۆژی 10ـی کانوونی دووەمی 2026، سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زیادبوونی بەشداربووانی سیستمی سۆلار رۆژانە دەگۆڕێت و رۆژانە 10 بۆ 12 کەس زیاد دەبن؛ تەنیا لە سێ مانگی رابردوودا نزیکەی 850 هاوبەشی نوێ زیاد بوون."
بەگوتەی سیروان محەممەد، لە سلێمانی زیاتر لە 2060 هاوبەشی ماڵان، 337 بازرگانی، 15 پیشەسازی و 70 کشتوکاڵی هەن. یەکێک لە پڕۆژە هەرە دیارەکانی سنوورەکەش، پڕۆژەی کۆمپانیای چیمەنتۆی دەلتایە کە بە تەنیا 50 مێگاوات کارەبا لە وزەی خۆر بەرهەم دەهێنێت.
بەپێی ئامارەکان، لە سنووری پارێزگای هەولێر 740 هاوبەش هەن (715 ماڵان و 25 بازرگانی) کە 9 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن. لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش 95 هاوبەش (87 ماڵ و 8 بازرگانی) بڕی 695 کیلۆوات کارەبا بەرهەم دەهێنن.
شاکر مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک بە رووداوی گوت، 530 هاوبەشی سۆلار لە سنوورەکەیان هەن و دابەشبوونیان بەم شێوەیەیە: (دهۆک: 271، بەردەڕەش: 138، سێمێل: 53، زاخۆ: 33، شێخان: 25، ئامێدی: 10).
وەزارەتی کارەبا رایگەیاندووە، 204 هاوبەش لە پارێزگای هەڵەبجە تۆمارکراون کە بڕی زیاتر لە 1147 کیلۆوات کارەبا بەرهەم دەهێنن.
وەزارەتی کارەبا بۆ هاندانی هاووڵاتییان، سیستمی پێوەرە زیرەکەکەی بەستووەتەوە بە سۆلارەوە؛ بە جۆرێک ئەگەر هاوبەشێک کارەبای زیادە بەرهەم بهێنێت و بیخاتە نێو تۆڕی نیشتمانییەوە، تێچووی کارەبای بە شێوەی "لەبری" (مقاصة) لەسەر پسوولەکەی کەم دەبێتەوە.
بەرپرسانی کارەبا داوا لەو هاووڵاتییانە دەکەن سیستمەکەیان داناوە و هێشتا خۆیان تۆمار نەکردووە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکان بکەن بۆ ئەوەی لە داشکاندنەکە سوودمەند بن.