لیژنەكانی هەردوو وەزارەتی بەرگری ‌و پێشمەرگە دەستبەكارەكانیان دەكەن

رووداو-هەولێر

جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كێشە لەسەرەكان، لە ئەمڕۆوە لیژنەكانی هەردوو وەزارەتی بەرگری ‌و پێشمەرگە بەكردار دەستبەكارەكانیان دەكەن.


لیوا قارەمان شێخ كەمال، جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەردوو وەزارەتی بەرگری ‌و پێشمەرگە، پێنج لیژنەی لاوەكیان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كێشەلەسەرەكان دروستكردووە، ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە ئەو لیژنانەیە كە بۆ دیالە‌ و كەركووك ‌و موسڵ ‌و مەخموور دروستكراون".

جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی "ئەو لیژنانە لە ئەمڕۆوە بەكردار دەست بەكارەكانیان دەكەن ‌و دەچنە ئەو ناوچانە بۆ رووپێوی كردن، دواتر راپۆرتی خۆیان بۆ دوو لیژنە سەرەكییەكە بەرزدەكەنەوە كە لەنێوان هەردوو وەزارەتدا دروستكراون".

جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕوو بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كێشە لەسەرەكان "چاوەڕێی راپۆرتی ئەو لیژنانە دەكرێت كە بە مەیدانی سەردانی ناوچەكان دەكەن".

هەفتەی رابردوو هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە ‌و بەرگری عێراق، بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كێشەلەسەرەكان لەسەر دروستكردنی چەندین لیژنە رێككەوتن.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان