حەوت رێکخراوی کوردستانی و عێراقی داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری راگرتنی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

حەوت رێکخراوی کوردستانی و عێراقی داوا لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکەن بڕیاری راگرتنی کارەکانی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە و رایدەگەیێنن، "ئازادی بیروڕا، دەربڕین و فەراهەمکردنی ژینگەی گونجاو بۆ کاری رۆژنامەڤانی مەرجێکی تەواون بۆ حوکمڕانیی باش."
 
لە راگەیێندراوێکی هاوبەش کە واژۆی حەوت رێکخراوی رۆژنامەڤانیی عێراقی و کوردستانی پێوەیە دەڵێن، "داوا لە فەرمانگەی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژئاوای سووریا دەکەین لەو ناوچانەی کە دەکەونە ژێر دەسەڵاتی ئەوان بڕیاری راگرتنی کارەکانی تۆڕی میدیایی رووداو هەڵبووەشێننەوە."
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دەمانەوێت بیری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بهێنینەوە، بەتایبەت دەزگاکەی کە سەرپەرشتیی میدیایی دەکات، ئازادی بیروڕا و دەربڕین و فەراهەمکردنی ژینگەی گونجاو بۆ کاری رۆژنامەڤانی و دەربڕینی، یەکێکن لە بنچینەکان و مەرجێکی تەواوە بۆ حوکمڕانیی باش، کە خزمەت بە هاووڵاتی و دەسەڵات بکات لە بوارەکانی خۆبەڕێوەبەری."
 
ئەو رێکخراوانە باسیان لەوەش کردووە، ئازادی رادەربڕین، رێگەخۆشکردن بۆ کاری میدیایی و رۆژنامەڤانانی سەربەخۆ و بێلایەن بۆ ئەوەی ئێش و ئازاری خەڵکی ناوچەکە بگوازنەوە کە رووبەڕووی هێرش و گەمارۆدانێکی ناهەق بوونەتەوە، خزمەتی زیاتری دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەکات و لە بەرژەوەندی ئەواندایە.  
 
ئەو رێکخراوانەی کە واژۆیان کردووە؛
 
- ناوەندی خەلیج بۆ لێکۆڵینەوەی مرۆیی
- کۆمەڵەی عێراقی بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەڤانان
- ماڵی رۆژنامەڤانانی عێراقی
- سەندیکای نیشتمانیی رۆژنامەڤانان لە عێراق
- سەنتەری سەبق بۆ گەشەپێدانی کاری رۆژنامەڤانی
- سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەڤانان
- روانگەی ئازادی رۆژنامەگەری