لە خەبات چەند زێدەڕۆکارێک تەقە لە هێزێکی زێرەڤانی دەکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
لەکاتی تێکدانی چەند خانوویەکی زێدەڕۆ لە قەزای خەبات، خاوەنی خانووەکان رووبەڕووی هێزێکی زێرەڤانی دەبنەوە، قایمقامیش دەڵێت: "هێزەکە یاسای جێبەجێ کردووە و نەدەبوو تەقەیان لێبکرێت".
 
کوێستان ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەبات بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10.2.2022 هێزێکی پێشمەرگەی زێرەڤانی، چوون بۆ تێکدانی چەند خانوویەک کە بە زێدەڕۆیی لەسەر زەوی هاونیشتمانییەک دروستکرابوو، بەڵام خاوەنی خانووەکان گرژییان دروستکرد و تەقەیان لە هێزەکەی زێرەڤانی کرد.
 
کوێستان ئەحمەد گوتی: "ئەو هێزە بۆ جێبەجێکردنی یاسا چوونەتە ئەو شوێنە و مامەڵەشیان لەگەڵ تەقەکەرەکان بە یاسایی بووە و دەبێت".
 
لەکاتی رووخاندنی خانووەکان، زێدەڕۆکارەکان رووبەڕووی هێزەکەی زێرەڤانی بوونەتەوە و تەقەیان کردووە، قایمقامی خەبات دەڵێت: "هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و ئێستا دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە".