کەناڵی سپێدە دەڵێت چەند ئەندامێکی کەمپینی کۆکردنەوە هاوکارییان دەستگیرکراوە و پۆلیسی دهۆکیش رەتیدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نووسینگەی کەناڵی ئاسمانیی سپێدە لە دهۆک دەڵێت، پۆلیسی شارەکە لەکاتی کۆکردنەوەی هاوکارییدا بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە شەش کەسیان دەستگیرکردووە و چواریان کارمەندی ئەوان بوون. پۆلیسی دهۆکیش دەڵێت، کەسیان دەستگیرنەکردووە و تەنیا بانگیان کردوون و بەڵێننامەیان پێ پڕکردوونەتەوە کە "نابێت" هەر کەسە و لای خۆیەوە هاوکاری کۆبکاتەوە.
رۆژی هەینی، 2-10-2023، حەربی جەلالەدین، بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کەناڵی ئاسمانیی سپێدە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر 03:30 ھێزێکی پولیس "بەبێ بڕیاری دادگە" چوونە سەر تیمی کۆکردنەوەی ھاوکاریی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە و شەش کەسیان دەستگیرکرد کە چواریان کارمەندی کەناڵەکەیان بوون و دووانەکەی دیکەش کارمەندی رێکخراوی ھانا و رابیتەی ئیسلامی بوون.
کۆکردنەوەی هاوکارییەکە لەلایەن کەناڵی سپێدەی سەر بە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و رێکخراوەکانی ماوەی سێ رۆژە بەردەوامە. حەربی جەلالەدین دەڵێت، دوای 20 خولەک ئەو شەش کەسە ئازادکراون و پێیانگوتراوە کە هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری رابگرن و ئەوەشی کۆیان کردووەتەوە بیگەیێننە ناوەندی سەرەکیی کۆکردنەوەی ھاوکاری کە لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە راگەیێندراوە و سەرپەرشتی دەکرێت.
لەوبارەوە پۆلیسی دهۆک لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان دەستی بە کۆکردنەوەی ھاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریا کردووە و "نابێت ھیچ لایەن و کەسێک سەربەخۆیانە هاوکاری کۆبکاتەوە".
پۆلیسی دهۆک ئاماژەی بەوەشکردووە، کەسیان دەستگیر نەکردووە و تەنیا بانگیانکردوون و بەڵێننامەیان پێ پڕکردوونەتەوە کە سەربەخۆیانە هاوکاری کۆنەکەنەوە.
بەگوێرەی نوێترین ئامار، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی 6ـی ئەم مانگەدا لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا، زیاتر لە 22 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە؛ دەیان هەزاریش برینداربوون. هەروەها دەیان هەزار خێزان بەهۆی رووخانی باڵەخانە و خانووەکانیانەوە بێ ماڵ ماونەتەوە و پێویستییان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە.