پەروەردەی رانیە بۆ وانەبێژانی یەدەگ: وەڵامی پەیوەندییەکانمان بدەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
پەروەردەی رانیە داوا لە وانەبێژانی یەدەگ دەکات وەڵامی پەیوەندییەکانیان بدەنەوە. نوێنەری وانەبێژان دەڵێت، گوشاری دەروونییە دژی ئەوان. گوتەبێژی پەروەردەی راپەڕینیش گوتی، "بۆ نوێکردنەوەی لیستە نەوەک شوێنگرتنەوەی ئەوانەی بایکۆتیان کردووە."
وانەبێژان لەگەڵ مامۆستایانی دامەزراودا، لە بەشێکی قوتابخانەکانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، هاوشێوەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە دەستپێکی خوێندنی ساڵی 2023 - 2024ـەوە کە 13ـی ئەیلوولی ساڵی رابردوو دەستیپێکرد، بەردەوامن لە بایکۆت و رێگەیان نەداوە خوێندن وەکو خۆی لەو سنوورە دەستپێکاتەوە.
پەروەردەی رانیە ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، "ئاگاداری هەموو ئەو وانەبێژانە دەکەینەوە کە یەدەگن، وەڵامی پەیوەندییەکانی پەروەردەمان بدەنەوە، یان ئەو ژمارە مۆبایلەی لای ئێمە نووسراوە داخراو نەبێت، بەپێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیارن لە دواکەوتنی ریزبەندی لە کاتی دانانی وانەبێژدا."
یوسف جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پەروەردەی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند، "بابەتەکە بۆ دەرکردنی ئەو وانەبێژانە نییە کە بایکۆتیان کردووە، بەڵکو بۆ رێکخستەوەی ریزبەندی وانەبێژانی یەدەگە".
بە گوتەی یوسف جەلال، رێکخستەوەی ریزبەندییەکە بۆ ئەوەیە، ئەگەر وانەبێژێک خۆی دەستبەرداری کارەکەی بوو بە گوێرەی ئەو ریزبەندییە کەسێک بخرێتە شوێنی.
بەرپرسێکی دیکە لە پەروەردەی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەگەر وانەبێژان نەگەڕێنەوە بۆ دەوام، ناچارین یەدەگەکان بخەینە جێگەیان".
کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری وانەبێژان باس لەوە دەکات، "ئەوەی بڵاوکراوەتەوە گوشاری دەروونییە دژی وانەبێژان و دەڵێن نەیەنەوە یەدەگەکان دەخەینە شوێنتان".
ئەو نوێنەرە دەڵێت، ئەوانەی وەکو وانەبێژ ساڵانی رابردوو دانراون، بە گوێرەی خاڵبەندی و ریزبەندیی یاسایی بووە و "ناکرێت" کێیان بوێت بیخەنە شوێنیان.
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی راپەڕین نزیکەی هەزار و 700 مامۆستای وانەبێژ هەن.
کارۆخ عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، "لابردنی وانەبێژان کارێکی ئاسان نییە، ئەوە گرفتی کۆمەڵایەتیش دروست دەکات. هیوادارین تەنیا گوشار بێت، ئەگەرنا کاردانەوەی توندمان دەبێت".
بڕیارە بۆ بەردەوامیدان بە بایکۆت، سبەی یەکشەممە لە سنووری پەروەردەکانی سلێمانی، گەرمیان، ئیدارەی راپەڕین، شارەزوور و چەند ناوچەیەکی دیکەی پارێزگای سلێمانی خۆپێشاندانی ناڕەزایی بەڕێوەبچێت.
دوو خاڵی سەرەکی لە داواکاری مامۆستایاندا هەیە؛ دامەزراوان داوای پلە بەرزکردنەوە دەکەن و ئەوانەشی وانەبێژن داوای دامەزراندن دەکەن.