هاونیشتمانییەک لە کۆبانێ دەڵێت رێڤەبەری خۆسەر خوشکێکمی رفاندووە
رووداو دیجیتاڵ
5 رۆژە کچێکی 15 ساڵانی خەڵکی کۆبانێ بێسەروشوێن بووە، کەسوکارەکەی دەڵێن، رێڤەبەری خۆسەر کچەکەیانی رفاندووە.
فەتحی خەلیل عیزەت کۆبانێ، برای کچەکە ئەمڕۆ دووشەممە 10-02-2025 بە رووداوی گوت، "لە لوبنان بووین و چوار مانگە گەڕاوینەتەوە کۆبانێ، 5 رۆژە رێڤەبەری خۆسەر خوشکێکمی رفاندووە."
بە گوتەی برای کچەکە، سێ خوشک و چوار بران؛ خوشکێکی ناوی "سەدیقە خەلیل عیزەت"ە و بە سیڤیل بانگی دەکەن، "سەدیقەی خوشکم مارەبڕاوە و چوار مانگە دەستگیراندارە."
فەتحی کۆبانێ دەڵێت، "چەند جارێک سەردانی رێڤەبەری خۆسەرمان کردووە بۆئەوەی سۆراخی کچەکەمان بکەین، بەڵام ئەوان دەڵێن بە رەزامەندیی خۆی هاتووە و نایدەنەوە."
بە گوتەی فەتحی خەلیل، دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێیان گوتووە کچەکەیان بەپێی خۆی چووەتە نێویان و ئەوان نەیانبردووە، "بەڵام وا نییە و خوشکەکەمان بەپێی خۆی نەچووە، چونکە دوای ئەوەی کچەکەیان برد، هاتن گوتیان ئەوە مۆبایل و زێڕەکەتان. ئێمەیش گوتمان، نە زێڕ و نە مۆبایلمان ناوێ؛ ئێمە کچەکەمان دەوێتەوە." هیچ سەرچاوەیەکیش لە رێڤەبەری خۆسەر ئەمەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
فەتحی ئاماژەی بەوە دا، "کچەکە لەبەر دەرگە بووە و خستوویانەتە نێو ئۆتۆمبێل و بردوویانە. چەند جار داوامان کردووە بیبینین، رێگەمان پێنادەن. دوو برای دیکەمان داونەتێ و یەکێکیان شەهید بووە. لەگەڵ ئەو خوشکەم دەبێتە سێ کەس."
فەتحی خەلیل عیزەت کۆبانێ ئەوەیشی روونکردەوە، "نازانین هۆکار چییە بردوویانە؛ کە لێیان دەپرسین بۆچی بردووتانە؟ پێمان دەڵێن ئێستا کاتی شەڕە."