پەرلەمانی عێراق بۆ هەموارکردنی یاسایەک داوای پێشنیاز لە هەرێمی کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق بە کاتی لیژنەیەک پێکدەهێنێت بۆ هەموارکردنی یاسای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و هەڵەی سەربازی و کردەوە تیرۆریستییەکان، بە گوتەی یەکێک لە ئەندامانی لیژنەکە، داوایان لە وەزارەتی شەهیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، ئەگەر پێشنیازیان هەیە بۆیان بنێرن بۆ ئەوەى لەو هەموارەدا جێی بکرێتەوە.
لیژنە کاتییەکە لە پەرلەمانى عێراق بە ناوی شەهیدانەوەیە، شێروان دووبەردانی، کە یەکێکە لە ئەندامانی لیژنەکە، رۆژی سێشەممە، 10ـی شوباتی 2026، بە رووداوی گوت: "چەند کۆبوونەوەیەکمان کردووە و بڕیارە بەم نزیکانە هەمواری یاساکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت".
پێشتر ئەو پڕۆژەیەى هەموارى یاساکە لە خولی پێنجەمدا خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کرا بەبێ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، بۆیە جارێکی دیکە پێویستە لە پەرلەمان بەو هەنگاوانەدا تێپەڕێتەوە.
شێروان دووبەردانی رایگەیاند: "یەکێک لە ئامانجەکانی هەموارەکە ئەوەیە مووچەی وارسی شەهیدان لە 10 ساڵەوە بکرێتە 25 ساڵ".
بەگوێرەی یاساکە بۆ ماوەی 10 ساڵ، مووچەی وارسی شەهیدان بەسەر کەسوکاری پلە یەک و دووی شەهیدەکەدا دابەش دەکرێت، ئەگەر بەر لە گیانلەدەستدانی خانەنشین کرابێت، ئەو وادەیە لە 1ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ کۆتایی هات، بەڵام بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران مووچەکانیان بەردەوام دەبێت کە 420 هەزار کەس دەگرێتەوە، تاوەکو یاساکە هەموار دەکرێتەوە.
کۆپییەکی پڕۆژەیاسای هەمواری سێیەمی یاساکە دەست رووداو کەوتووە کە 13 ماددەیە.
شیروان دووبەردانی گوتی: "داوامان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، کە هەر پێشنیازێکیان هەبێت بۆ جێگیرکردنەوەى لەو هەموارەدا، بۆمان بنێرن".