کەمال محەممەد: نرخی کارەبا گران نەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کارەبا دەڵێت، نرخی کارەبا وەک خۆیەتی و هیچ دەستکارییەک نەکراوە، هۆکاری بەرزیی پارەی پسووڵەیش بۆ زیادبوونی بەکارهێنان لە وەرزی زستان دەگەڕێنێتەوە.
کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لەبارەی گلەیی بەشێک لە هاونیشتمانییان لە زۆریی بڕی پارەی کارەبای مانگی یەک، بە رووداوی گوت، "وەک نرخ هەمان نرخە و هیچ دەستکارییەک نەکراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی وەرزی زستانی ئەم ساڵ زۆر سارد بوو، بەکارهێنانی کارەبا زیادی کردووە، ئەمەش وایکردووە بڕی پارەی پسووڵەکان بۆ هاونیشتمانییان زیاد بکات."
سەبارەت بە دەسپێشخەرییەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ داشکاندنی نرخی پارەی کارەبا، کەمال محەممەد گوتی، بڕیاری داشکانی 20٪ بۆ ئەو کەسانەی ئی-پسووڵە بەکاردەهێنن، بە سەرجەم وردەکارییەکانیەوە جێبەجێ دەکرێ: "حکومەت، حکومەتی خەڵکە و ئەو داشکانەی سەرۆکی حکومەت رایگەیاندووە جێبەجێ دەکرێ."
کەمال محەممەد داوای لە هاونیشتمانییان کرد لە بەکارهێنانی کارەبادا دەستپێوەگر بن و بە شێوەیەکی تەندروست مامەڵە لەگەڵ کارەبا بکەن "بۆئەوەی نەبێتە بارگرانییەکی دارایی زۆر بۆ سەر شانیان و سیستمی کارەبای نیشتمانیش پارێزراو بێت."
ئەم لێدوانانەی وەزیری کارەبا لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی (ئی-پسووڵە)ی بە فەرمی راگەیاند و وەک دەستکەوتێکی دیجیتاڵی و ئاسانکارییەکی گەورە بۆ فەرمانگەکان و هاونیشتمانییان ناوی برد.