هەسەدە لە هێڵی بەریەککەوتنی حەسەکە کشایەوە
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە هێڵی بەریەککەوتن لە حەسەکە کشانەوە و بەگوێرەی رێککەوتنی هەسەدە و حکومەتی سووریا، هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان لە شوێنیان جێگیر دەکرێن.
ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری رووداو لە حەسەکە رایگەیاند، بەگوێرەی رێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات، هێزی ئەمنیی هیچکام لەو دوو لایەنە لەنێو شارەکان نابێت.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، لەگەڵ کشانەوەی هەسەدە، هەر ئەمڕۆ سوپای سووریاش بۆ پشت ناوچەی شەدادی دەکشێتەوە.
هێزەکانی هەسەدە لە سەنگەرەکانی پێشەوەی هێڵی بەریەککەوتن لە حەسەکە کشانەوە، لەکاتی کشانەوەیاندا لە رێگەی مایکی رووداوەوە باسی ئەوەیان کرد، ئەوەی لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوو و ساڵی رابردوویشدا پێویست بوو، کردیان و ئێستاش پابەندی ئاگربەستەکەن.
هێڵی بەریەککەوتن 15 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری حەسەکەوە دوورە و کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە بۆ دەوروبەری پارێزگای حەسەکە دەبێت.
7ی ئەم مانگە مەروان عەلی، بەڕێوەبەری ئاسایشی حەسەکە لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "سوپا لە شارەکان دەکشێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ خاڵەکانی خۆی؛ هەردوولا لەنێو شارەکان دەکشێنەوە بۆ ئەوەی هیچ گرژی و ئاڵۆزییەک دروست نەبێت."
رێککەوتنەکە ئەم خاڵانە دەگرێتەوە:
- کشانەوەی هێزە چەکدارەکان لە ناوچە نیشتەجێبووە سڤیلەکان بۆ خاڵە سەربازییە دیاریکراوەکان.
- کردنەوەی رێگە گشتییەکان بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان.
- هاوکاریی هاوبەش بۆ پاککردنەوەی ناوچەکان لە مین و تەقەمەنی.
- لابردنی بەربەستە خۆڵین و کۆنکرێتییەکان.
- خێراکردنی پڕۆسەی تێکەڵکردنی شەڕڤانان لەنێو دامەزراوەی سەربازیی سووریادا.