"ئی-پسوولە" راگەیێندرا؛ بە ئۆنلاین پارەی کارەبا بدە و 20% داشکاندن وەربگرە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستمێکی نوێی بە ناوی "ئی-پسوولە" راگەیاند بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن لە رێگەی مۆبایلەکانیانەوە پارەی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بدەن. وەک دەستپێک، هەر کەسێک بەم رێگەیە پارەی کارەبا بدات، تاوەکو مانگێک داشکاندنی 20%ـی بۆ دەکرێت.
"ئی-پسوولە" (E-Psula) ئەپڵیکەیشنێکی نوێی دیجیتاڵییە، ئامانج لێی گۆڕینی شێوازی پارەدانی کاشە بۆ ئەلیکترۆنی. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پڕۆژەکەوە گوتی: "هەوڵمانداوە ئاسانکاری بۆ هاووڵاتی بکرێت تاوەکو بتوانێت پارەی خۆی بەشێوازێکی دیجیتاڵی بۆ ئەو خزمەتگوزارییانە بدات کە حکومەت پێشکێشی دەکات."
بەپێی سیستمە نوێیەکە، هاووڵاتییان دەتوانن لەجیاتی سەردانیکردنی فەرمانگەکانی کارەبا، لە رێگەی جزدانە دیجیتاڵییەکانی وەک (FIB، فاست پەی، ناسیا وۆڵێت، ئاسیا پەی و جیهان) لە ماڵەکانی خۆیانەوە پارەی کارەبا بدەن، بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەکی زیادە (عمولە) یان باجیان لێ وەربگیرێت.
کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە گوتبوومان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای هەموو کوردستان دەبێتە 24 کاژێری، بەڵام ئێستا مژدە دەدەین تاوەکو هاوینی ئەم ساڵ دەبێتە 24 کاژێری."
وەزیری کارەبا لەبارەی داشکاندنەکەشەوە گوتی: "ئەو مژدەیەی جەنابی سەرۆکی حکومەت گوتی کە بۆ ماوەی مانگێک 20%ـی پارە لە هەر هاووڵاتییەک وەرناگیرێت ئەگەر لە رێگەی ئی-پسوولەوە پارە بدات، لە ئێستاوە دەیخەینە بواری جێبەجێکردنەوە."
عەلی تاریق، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رابیتەی بانکە تایبەتەکانی عێراق بە رووداوی گوت: "ئەم پڕۆژەیە زۆر نموونەییە لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکەش؛ ژمارەیەک بانکی تایبەتیی کوردستان بەشدارن و کۆمەڵێک بانکی عێراقیش نیازیان هەیە بەپێی رێنماییەکانی حکومەتی هەرێم بەشدار بن."
بڕیارە پڕۆژەی "ئی-پسوولە" لە داهاتوودا فراوانتر بکرێت و وەزارەتە خزمەتگوزارییەکانی دیکەش بگرێتەوە، تاوەکو ببێتە بنەمایەک بۆ سیستمێکی گشتگیری پارەدانی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان.