لە قامیشلۆ هەزاران کەس چوونە سەر شەقام و داوای چەسپاندنی مافی کوردیان کرد لە دەستووردا
رووداو - قامیشلۆ
بە یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستیی نیشتمانی، هەزاران کەس لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان رێپێوانێکیان کرد. داواکاریی سەرەکییان چەسپاندنی مافەکانی گەلی کوردە لە دەستووری سووریادا.
دایکانی شەهید لە پێشەنگی رێپێوانەکەدا بوون و بە مۆڕاڵێکی بەرزەوە داوای ئەو مافانەیان دەکرد کە رۆڵەکانیان لەپێناویدا گیانیان بەخشی.
جودا عومەر، یەکێکە لەو دایکانە و داوا دەکات مافی کورد بەیاسایی بکرێت: "ئێمە ئەمڕۆ بۆ یەکێتیی کوردان دەرکەوتووین، لەبەر شەڕڤان و شەهیدانی خۆمان دەرکەوتووین، دەشمانەوێ کورد هەمووی یەکبگرێت.''
بەشداربووانی رێپێوانەکە چەند داواکارییەکی سەرەکییان هەیە: "داننان بە کورد وەک پێکهاتەیەکی رەسەن و مێژوویی لە سووریا، هاوبەشیی راستەقینە لە دەسەڵات و بەفەرمیکردنی زمانی کوردی لە دەستووردا."
بەدیعە ئەمین، خۆپێشاندەر بە رووداوی گوت: ''ئێمە هیچ جارێک سەری خۆمان نەوی نەکردووە و نەویی ناکەین، ئێمە ئەو خواستانەی دڵمان بەجێ دێنین، با مافی مرۆڤ مافەکانی بزانێ، سەرەڕای ئەوەی هەمووان هاوکاریی ئێمەیان نەکردووە، ئێمە خۆمان کردوومانە و دەیکەین و ئێمە سەریش دەکەوین.''
منداڵانیش بەشێکی دیاری رێپێوانەکە بوون. سابات حەکیم، قوتابییەکی بەشداربووە و دەڵێت، هاتووە تاوەکو پەیامی نەوەی داهاتوو بگەیێنێت.
عەبدولقادر عەبدوڵڵا گوتی، ''چۆن هەموو گەلی کوردستان هەمووی لە باکوور، لە باشوور، لە کوردستان، لە ئەڵمانیا، لە دهۆک، لەهەر شوێنێک دەرکەوتن، پێویستە ئێمەش ئەمڕۆ دەرکەوین و پشتگیریی گەلی کورد بکەین.''
پەیامی سەرەکیی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لەم رێپێوانەدا ئەوەیە دەیانەوێت بە ئاشتی و دوور لە شەڕ، ناسنامەی نەتەوەییان بپارێزن و مافە سیاسی، ئابووری و کولتوورییەکانیان بەدەستبهێنن.