بڕیاری دابەشکردنی 400 هەزار پارچە زەوی دراوە و تەنیا 90 هەزاریان دابەشکراون

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ زۆرترین پارچە زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر دابەشکراوە، کە 67 هەزار پارچەیە، لە سلێمانی 20 هەزار، دهۆک نزیکەی 4 هەزار و لە هەڵەبجە تەنیا 60 پارچە زەوی دابەشکراوە.
 
دوای نزیکەی دوو ساڵ لە فەرمانی دابەشکردنی زەوی، بە گوێرەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، زیاتر لە 400 هەزار کەس رەزامەندی وەرگرتنی زەوییان بۆ دەرکراوە. بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا 91 هەزار پارچە زەوی دابەشکراوە. لایەنی پەیوەندیدار دەڵێن، "کەمیی زەویی هۆکارە، بەڵام هیچ کەسێک نامێنێتەوە زەوی وەرنەگرێت".
 
دابەشکردنی زەوی لە هەولێر
 
مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ 35 هەزار پارچە زەویی لە سنووری شارەوانییەکان دابەشکراون.
 
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر گوتی، ئەوانەی دانیشتووی دەوروبەری هەولێرن ناویان گەڕاوەتەوە بۆ وەرگرتنی زەوی، بەتایبەت دانیشتووانی کەسنەزان، بنەسڵاوە، دارەتوو و دەورووبەریان.
 
مەریوان حاکم هادی دەڵێت: "تاوەکو ئەو کەسانەی شایستەن بە وەرگرتنی زەوی مابن دابەشکردن بەردەوام دەبێ، لە سنووری ئێمە پێدەچێ قۆناخی داهاتوو زەوی لە شەقڵاوە دابەش بکەین".
 
هەر ئەمڕۆ، بەرپرسێک لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سنووری شارەوانی شاری هەولێر 82 هەزار کەس مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە، تاوەکو ئەمڕۆ 32 هەزاریان لە سنووری سەنتەری شار زەوییان وەرگرتووە".
 
بەگوێرەی شارەوانیی هەولێر بۆ رووداو، "پڕۆسەکە بەردەوامە، یەک فەرمانبەریش نامێنێت کە فۆڕمی پڕکردبێتەوە و مافی وەرگرتنی زەوی هەبێت و زەوی وەرنەگرێت، ئەوە دڵنیایی ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ هەموو ئەوانەی ئەو مافەیان هەیە".
 
شارەوانیی هەولێر دەڵێت: "رێکارەکان بەردەوامە و لە نزیکترین کاتدا دووبارە دابەشکردنی زەوی لە سنووری سەنتەری هەولێر دەستپێدەکاتەوە".
 
بەگوێرەی شارەوانیی هەولێر، لە کاتی تیروپشکی دابەشکردنی زەویدا "بێ جیاوازی لە هەموو وەزارەتەکان ناویان دەنووسرێت و ژمارەیەکیان هەڵدەبژێردرێن بۆ وەرگرتنی زەوی و ئەوانەشی دەمێننەوە لە قۆناخی دواتر زەوییان پێدەدرێت".
 
لە سلێمانی 20 هەزار پارچە زەوی دابەشکراوە
 
زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 20 هەزار پارچە زەوی لە سنووری شارەوانیمان دابەش کراوە".
 
بەڵام ئاسۆ شێرکۆ، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ لە دەوروبەر هیچ زەوییەکمان دابەش نەکردووە، نزیکەی 20 هەزار رەزامەندی دابەشکردنی زەویمان بۆ هاتووەتەوە، بەڵام کێشە یاسایی و کارگێڕی و کەمیی زەویمان هەیە".
 
43 شارەوانی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی سلێمانی هەن. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت: "لە بەشێکی شارەوانییەکان رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی لە کۆتاییدان و زەوی دابینکراوە، بەڵام دەمانەوێ بە گشتیی بزانین چەند کەس مافی زەوییان هەیە و زەویی چیمان بەردەستە، ئەوکاتە دابەشكردنەکە دەستپێدەکەین".
 
کەمترین زەوی لە پارێزگاکانی دهۆک و هەڵەبجە دابەشکراون
 
ئەمیر ئەترووشی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ 3 هەزار و 889 پارچە زەوی لە سنووری پارێزگاکەمان دابەشکراوە، جگە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ".
 
بە گوتەی ئەترووشی، 70 هەزار و 907 رەزامەندی وەرگرتنی زەوییان بۆ گەڕاوەتەوە بۆ دابەشکردن و رێکارەکانی دابەشکردن بەردەوام دەبێت.
 
بەهۆی کێشەی موڵکداری و نەبوونی زەوی لە بەردەستی شارەوانیدا، تاوەکو ئەمڕۆ هیچ پارچە زەوییەک لە سنووری شاری هەڵەبجە دابەش نەکراوە.
 
خێڵان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەڵەبجە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سنووری تەواوی پارێزگاکە تەنیا دوێنێ 60 پارچە زەویمان لە ناحیەی بیارە دابەش کردووە".
 
سەرۆکی شارەوانییەکانی هەڵەبجە گوتی: "قۆناخی داهاتوومان دوای رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان دابەشکردنی زەوی دەبێ لە ناحیەی سیروان، بەڵام بەگشتیی لە سنووری هەڵەبجە کێشەی نەبوونی زەوی هەیە".
 
دابەشکردنی زەوی لە چوارچێوەی بڕیارێکی 27ـی ئاداری 2024 ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە کە بڕیاری دا زەوی بدرێتە ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی سوودمەند نەبوون.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر یان پێشمەرگە و خانەنشینێک تەرخان دەکرێ 200 مەتر دووجایە و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بەگوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێ.