راپۆرتێک باس لە رۆڵی کاریگەری سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لە پرسی رۆژئاوای کوردستان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ماڵپەڕی مۆنیتەری ئەمریکی لە راپۆرتێکدا باس لە رۆڵی کاریگەری سەرۆک بارزانی، هەروەها نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پرسەکانی تایبەت بە رۆژئاوای کوردستان دەکات. یەکێک لە نوێترین پێشهاتە پەیوەندیدارەکانیش تایبەتە بە کشانەوەی ئەو شەڕڤانانەی کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا نین. سێ سەرچاوەی ئاگادار دەڵێن، لە رۆژانی رابردوودا لانیکەم 100 شەڕڤانی ناسووریایی بەرەو هەرێمی کوردستان کشاونەتەوە و گەیشتوونەتەوە چیای قەندیل لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان. 
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە کە قسەیان بۆ ماڵپەڕی مۆنیتەری ئەمریکی کردووە، "ئەم پڕۆسەیە کە بە هاوئاهەنگی و ئاسانکاریی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کراوە، بەشێکە لە خاڵەکانی ئەو رێککەوتنە نوێیەی لە 30ـی کانوونی دووەمی 2026 لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، بە نێوەندگیریی ئەمریکا واژۆ کرا."
 
ئەم رێککەوتنە وەشانێکی باشترکراوی رێککەوتنەکەی 18ـی کانوونی دووەمە. بەپێی مەرجە نوێیەکان، "هەسەدە مافی هەیە 4 لیوای سەربازی خۆی بپارێزێ."
 
رۆڵی کاریگەری نێچیرڤان بارزانی
 
بەپێی زانیارییەکانی مۆنیتەر، کشانەوەی شەڕڤانەکان دوای کۆبوونەوەیەکی گرنگی رۆژی 22ـی کانوونی دووەم هاتووە "لەنێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە." 
 
وەک مۆنیتەر باسی دەکات، نێچیرڤان بارزانی رۆڵێکی سەرەکی بۆ لێکنزیکردنەوەی لایەنەکانی گرێدراوی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەگێرێ و بە مەزڵووم عەبدی راگەیاندووە، کشانەوەی شەڕڤانەکان کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا نین "هەنگاوێکی زۆر گرنگ دەبێت بۆ بنیاتنانی متمانە."
 
سەرچاوەکان دەڵێن، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) "زۆر خۆشحاڵ بوون" کاتێک هەواڵی رەزامەندیی مەزڵووم عەبدییان بۆ ئەم هەنگاوە پێگەیشتووە، ئەمەش وایکردووە "تورکیا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر هەبوونی ئەو 4 لیوایەی هەسەدە نەرم بکات."
 
دەستوەردانی ترەمپ و گۆڕانی هاوکێشەکان
 
ئەگەر رێککەوتنەکەی 18ـی کانوونی دووەم جێبەجێ کرابایە، هەسەدە گوشارێکی زۆر گەورەی لەسەر دروست دەبوو. 
 
مۆنیتەر دەڵێ: "بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رۆژی 28ـی کانوونی دووەم لە رێگەی دوو پەیوەندیی تەلەفۆنیی جیاوازەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع و رەجەب تەیب ئەردۆغان، توانی مەرجەکان نەرمتر بکات". 
 
وەک مۆنیتەر باسی دەکات، هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و هەوڵەکانی تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بوونەهۆی واژۆکردنی رێککەوتنە کۆتاییەکەی 30ـی کانوونی دووەم.
 
رۆڵی سەرۆک بارزانی لە پاراستنی مافەکانی گەلی کورد
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، "سەرەڕای ئەوەی رووخانی رژێمی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024دا کوردی لاواز کرد و خەونی فیدراڵیی هاوشێوەی عێراقی لێ زەوت کرد، بەڵام لە روویەکی دیکەوە یەکگرتوویی نێوان کوردی رۆژئاوا و باشوور زیادی کرد."
 
مۆنیتەر نووسیویەتی، سەرۆک بارزانی "وەک کەسایەتییەکی دیاری سیاسیی کورد لە جیهاندا رۆڵێکی گەورە دەگێڕێ و چەندین جار بە تەلەفۆن لەگەڵ ئەحمەد شەرع قسەی کردووە بۆ بەرگری لە مافەکانی کورد و پەیوەندییەکی تووندوتۆڵیشی لەگەڵ مەزڵووم کۆبانێ هەیە."
 
دوایین دیداری نێوانیان لە 6ـی شوبات لە هەولێر بوو، کە تێیدا مەزڵووم عەبدی جگە لە سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، چاوی بە ژان نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کەوت و دەڵێت، "ئێستا پڕۆسەی گواستنەوەی شەڕڤانە ناسووریاییەکان بەردەوامە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا ژمارەی تەواوەتییان بە وردی دیار نییە."