مەسرور بارزانی: ئەوانەی لەم مانگە ئی- پسوولە بەکاردەهێنن، داشکانی 20٪ـیان لە پارەی کارەبا بۆ بکرێت

رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هاووڵاتیی خۆی بەرپرسە لە بەکارهێنانی کارەبا و ئەوەی زۆر بەکاربهێنێت پارەی زۆری بۆ دێتەوە و ئەوەی کەم بەکاربهێنێت کەمی بۆ دەگەڕێتەوە.
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی نرخی کارەباوە داوایەک لە حکومەت دەکات و دەڵێت، "داوا لە حکومەت دەکەم ئەوانەی لەم مانگەدا ئی- پسووڵە بەکاردەهێنن، داشکانی 20٪ـیان بۆ بکات".
 
مەسرور بارزانی لەبارەی مووچەی مانگەکانی داهاتووە گوتی، "ئێمە داکۆکیکاری هەموو مافە شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەبین، بەڵام ئێستا بابەتی مووچە لە دەستی بەغدایە".
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، "دەبێت بەغدا جیاوازی نەکات لە پێدانی مووچە بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و پابەندی خۆیان بە دەستوور دووپاتبکەنەوە".
 
لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار و بەربژێری کورد بۆ پۆستەکە، مەسرور بارزانی گوتی، "پۆستەکە هی کوردە و لایەنێک ناتوانێت کاندیدی خۆی فەرز بکات".
 
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا، پارتی دەیەوێ حکومەتی نوێ زوو پێکبهێندرێت و لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پێکبهێندرێت.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە بە فەرمی پڕۆژەی ئی- پسوولەی راگەیاند.
 
مەسرور بارزانی رایگەیاند، ئی- پسوولە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان.  
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی راگەیاندنی پڕۆژەکە رایگەیاند، "گرنگە سیستمی دیجیتاڵی بکەیتە شوێنگرەوەی سیستمە تەقیلدییەکانی دیکە".
 
دوو بانک و سێ جزدانی ئەلیکترۆنی لە ئی- پسوولەدا هەن و بانکی ناوەندیی عێراق دانی پێدا ناوە.
 
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا، سیستمی ئی- پسوولە هەم بۆ فەرمانگە حکومییەکان، هەم بۆ هاووڵاتییان ئاسانکارییەکی باش دەبێت.