زانیاری لەبارەی ئەو پارەیەی لە تەنیشت ئامێرێکی راکێشانی پارە لە هەڵەبجە با بردی
رووداو دیجیتاڵ
ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، کە چەند کەسێک لە نزیک ئامێرێکی راکێشانی پارە (ATM) سەرقاڵی کۆکردنەوەی پارەن کە رەشەبا بڵاوەی پێکردووە. بەرپرسێکی سنوورەکە دەڵێ، "پارەکە 50 ملیۆن دینار بووە". قایمقامی شارەکەش دەڵێت، هیچ کەس و بانکێک سکاڵای تۆمار نەکردووە.
بەرپرسێکی ئاگادار لە هەڵەبجە، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو ئامێرانەی راکێشانی پارە نوێن، دوێنێ بانکی خاوەن (ATM) کە کاتێک ویستوویەتی پارەی تێ بکات نیوەی پارەکەیان رەشەبا بردوویەتی و بڵاوی پێکردووە".
لەبارەی بڕی پارەکەوە ئەو بەرپرسە گوتی: "بانکەکە 100 ملیۆن دیناری بردووە بۆ نێو ئامێرەکە، 50 ملیۆنی بە دروستی تێکراوە، لە 50ـی دووەمدا پارەکە کەوتووە و رەشەبا بڵاوی پێکردووە".
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیەی رووداو، "کارمەندانی بانکەکە هەمان کات پارەکەیان کۆکردووەتەوە و هیچی ون نەبووە".
سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لە هیچ بانکێکەوە سکاڵای نەکردووە، کە پارەیان برابێ یان کێشەیەکی داراییان هەبێ لە ئامێرەکانی راکێشانی پارەدا".