بەهار مەحموود لە ماڵەکەی خۆیدا سووتا و گیانی لەدەستنەداوە

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، بەهار مەحموود پەرلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە ماڵەکەی خۆیدا سووتا، بەڵام گیانی لەدەستنەداوە و لە ژیاندا ماوە.
 
سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کاژێر 05:11 خولەک تیمەکانمان ئاگادارکراونەتەوە لە بوونی بریندارێک لە رووداوێکی سووتان لە پڕۆژەی شاری سپی، کاتێک تیمەکانمان گەشتوون دەرکەوتووە، خاتوو بەهار مەحموود پەرلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان لەماڵەکەی خۆیدا سووتاوە."
 
بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات، تیمەکانیان بەهار مەحموودیان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانی ئێمێرجێنسی سلێمانی و تاوەکو ئێستا لە ژیاندا ماوە. 
 
محەممەد مەحموود، برای بەهار مەحموود لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بەهار و قاسمی هاوژینی ئەمڕۆ یادی هاوسەرگیرییان بووە، دوای ئەوەی دەگەڕێنەوە ماڵەوە بەهار زۆپا هەڵدەکات و فەقیانەی کراسەکەی دەکەوێتە سەر زۆپاکە و سووتاوە."

بە گوتەی براکەی، بەهار مەحموود شانی و دەموچاوی و کەمێک سنگ و دەستی سووتاوە و پزیشکەکانیش پێیان گوتووە "رێژەی سووتاوییەکەی 20%ـە و تەندروستیی جێگیرە."