فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ئۆتۆمبێلێک لە سنووری کەرکووک دەکاتە ئامانج؛ سێ کەس کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
پەیامنێری رووداو رایدەگەیێنێت، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان ئۆتۆمبێلێکی لە سنووری گوندی چەمی سەیدان لە قەرەهەنجیری سەر بە کەرکووک بۆردوومان کردووە و بەهۆیەوە سێ کوژراون.
نزار جەزا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کە قسەی لەگەڵ بەرپرسێکی ئیداریی سنوورەکە کردووە و زانیاریی پێدراوە، رایگەیاند، بۆردوومانەکە کاژێر 06:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 10-03-2023، بووە، بەهۆیەوە سێ کەس کوژراون.
هاوکات هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکە ئۆتۆمبێلێکی جۆری توێتای کردووەتەوە ئامانج کە سێ کەسی تێدا بووە، هێرشەکە لەنێوان چەمچەماڵ و کەرکووک بە دیاریکراوی لە باکووری قەرەهەنجیرە بووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو کە قسەی لەگەڵ چەند فەرماندەیەکی لیوای یەکی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە، چەند بارەگایەکی پەکەکە لەو سنوورە هەن، لەنێوان کاژێر 06:30 تاوەکو 07:00ـی ئێوارە ئۆتۆمبێلەکە بۆردوومان کراوە و سێ کەسی تێدا بووە و هەرسێکیان کوژراون.
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو باسی لەوەش کرد، تاوەکو ئێستا ناسنامەی کوژراوانی بۆردوومانەکە دیار نییە.